دوابەدوای درێژکردنەوەی ئابڵۆقەی ئابووری بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بە سەر ئێران کە چەند رۆژ لەمەوبەر لە لایەن “سەنا”ی ئەمریکاوە دیسانەکە درێژ کرایەوە. هەڵویست و کاردانەوەی جیاجیا لە نێو باڵەکانی رێژیمی لێکەوتەوە.
بەشێکی زۆر لە نوێنەرانی سەربە باڵی بناژۆخواز لە یەکەم دەرکەوتنی روحانی لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی بە توندی هێرشیان کردە سەری و ڕێککەوتنی “بەرجام”یان بە ڕێککەوتنی روحانی ناوبرد و، درێژکردنەوەی گەمارۆکانیان بە هەڵوشانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام لە قەڵەم دا.
محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەو بارەوە گوتی: “درێژکردنەوەی گەمارۆکان تەنانەت ئەگەر “ئۆباما”ش واژۆی بکا، هیچ کاریگەرییەکی بەسەر ڕێککەوتنی ناوکی نابێ”.
هەروەها لەم پێوەندییەدا رۆژنامەی ئیعتیماد بە شرۆڤە کردنی پرسی درێژکردنەوەی گەمارۆکان تا ساڵی ٢٠٢٦ لە لایەن ئەمریکاوە، بناژۆخوازەکانی نێو رێژیمی وریاکردەوە کە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی تڕامپ ئەگەری گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر دەبێ و، پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەیە لە هاتنە ئارای هەرچەشنە ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراودا.
لە لایەکی دیکەش، هەواڵدەریی سپای پاسداران بە هێرش کردن بۆ سەر روحانی بە تانەوە نووسیویەتی: “ڕێککەوتنی سەرۆککۆمار بە ٩٩ دەنگ لە “سەنا”ی ئەمریکا هەڵوەشایەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەت لە بەرانبەر هاتنە ئارای هەرچەشنە گەمارۆیەکی دیکە توانای نیە و پرسیار ئەوەیە کە ئەو ڕێککەوتنە لە نێوان ئێران و ئەمریکا بوو!، یان بەشێوەی کاتی ڕێککەوتنی نێوان جەواد زەریف و باراک ئوباما و جان کێری بووە لە گەڵ دەوڵەتی روحانی! هەواڵدەریی سپای پاسداران لە درێژەی بابەتەکەیدا نووسیویەتی: “بێ کەڵک بوونی ڕێککەوتنی بەرجام رۆژ بە دوای رۆژ زیاتر دەردەکەوێ و، خەریکە دەبێتە کێشەیەکی بەرچاو لە ئێران و، تەنانەت وڵاتانی رۆژئاوایی دانیان بەوە داناوە کە “بەرجا”م هیچ قازانجێکی نەبووە و تەنیا حەسەن روحانی پاڵپشتی لێوەدەکا.
چاوەدێرانی سیاسی باس لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام دەکەن و ئەوەش پێوەندیی سیاسی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە ئاقارێکی دیکە دەبا.