مورادی نوێنەری شارەکانی “قوروە و دێولان” لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی رایگەیاند کە بەپێی مادەی ١٥ی یاسای بنەرەتیی وڵات، خوێندن بە زمانی دایکیی لە قوتابخانەکان لە تەنیشت زمانی فارسی دایەو، جێبەجێ کردنی ئەم ماددە دەستوورییە لە قوتابخانەکان، هەنگاوێکی گرینگە لە جێبەجێ کردنی ماددە ١٠ خاڵییەکەی سەرۆک کۆمار کە پێش هەڵبژاردن خستبوویەڕوو.
پیویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە حەسەن روحانی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی لە دە خاڵدا، کۆمەڵیک وادە و بەڵێنیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەرهەنگی و سیاسیی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران بڵاوکردەوە کە تا ئێستا نەچوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
محەممەد عەلی مورادی لە تریبوونی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی رۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوودا گوتی: “گرینگترین ئەرکی نوێنەرانی مەجلیس بەدوور لە روانگەی سیاسییان، بەرگریی کردن لە مافی خەڵک و هەوڵدان بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەیە.. هەربۆیە دوای تێپەربوونی ٣٨ساڵ لە تەمەنی ئینقلاب پێویستە گەشە و پەرەپێدان بە کلتووری نەتەوەکانی دیکەی ئێران جێبەجێ بکرێ و سەردانی بەرپرسانی باڵای نیزام بۆ کوردستان و وادە و بەڵێنییەکانیان بۆتە هۆی چاوەڕوانیی خەڵک لە نیزام و کاربەدەستانی دەوڵەت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “کوردستان لە بارەی فەرهەنگ و شارستانەتییەوە ڕابردوویەکی باش و رووناکی هەیە و لە هەموو کارەساتێک وەکوو شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق زیانی وەبەرکەوتووە و بەرگرییان لە ئێران کردوە”.
ئەندامی کۆمسیۆنی کشتوکاڵ و نوێنەری شارەکانی قوروە و دێولان هەروەها ڕایگەیاند: “وادیارە کە دەوڵەتی هێوا و ئومێدی روحانی ئیرادەی جیددی نیە بۆ جێبەجی کردنی ماددەی 15ی یاسای بنەڕەتی سەبارەت بە خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی. ئەوە لە کاتێکدایە کە روحانی لە سەردانەکەی بۆ پارێزگەی سنە وادەی بەڕێوەچوونی خوێندن بە زمانی دایکیی دووپات کردوە.