بەپرسی گشتیی ئیدارەی رێگە و شارسازیی پارێزگەی سنە ڕایگەیاند: “پارێزگای سنە بە بەراورد کردن لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران رێگای گوندەکانی ئاسفاڵت نەکراوە و ئەم پارێزگایە لەمبارەوە کەمترین بەشی بەرکەوتووە”.
شارام مەلەکی لە وتووێژێکدا وتی: ‘لە کۆی ٦ هەزار کیلومیتری رێگەوبانی گوندەکان، تەنیا ٢ هەزار و٧٠٠ کیلومیتری ئاسفاڵت کراوە و، لەمبارەوە گوندەکانی پارێزگای سنە پەرواێز خراون.
بەرپرسی گشتیی رێگەوبان لە درێژەی وتووێژەکەیدا رایگەیاند کە ئەم پارێزگایە لەگەڵ کێشەی نەبوونی ئوتۆبان رووبەڕویەو لە ٨٠٠ کیلومیتری رێگاکانی ئەم پارێزگەیە تەنیا ١٨٠ کیلۆمیتر ئوتۆبانە. ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی رووداوی هاتوچۆیە لە پارێزگای سنە و بە وتەی بەرپرسانیش بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە پتر لە ٥٠٠میلیارد تمەن پێویستە.
کێشەی ڕیگەوبانە ناستانداردو دۆخی نالەباری جاددەکانی کوردستان، تەنیا تایبەت بە پارێزگای سنە نیە، بەڵکوو بەشێکی زۆر لە شار و گوندەکانی کوردستانی گرتۆتەوە و هەموو ساڵێک رێژەیەکی زۆر لە خەڵکی بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دەدەن. ئەم کێشە و دیاردەیەش لە یەک دووحەتووی ڕابردوودا، کۆمەڵێک نارەزایەتیی مەدەنی لە شارەکانی مەریوان و پیرانشار و نەغەدە لێکەوتۆتەوە.