بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئەحمەد ڕەسووڵپوور، ناسروا بە ” ئەحمەد ئاڵی”، باوکی تێکۆشەری دێرینی ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان مامۆستا برایم ئەحمەد ڕەسووڵپوور، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تەورێز، بە هۆی نەخۆشی و چوونە سەری تەمەن گیانی لە دەست دا. خاڵە ئەحمەد ئاڵی ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە گوندی ئاڵی کەندی ناوچەی بۆکان چاوی بە دنیا هەڵهێنا. هەر لە هەڕەتی لاوییەوە ڕووی کرد مەتەرێزی شەرف و، بووە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان. پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە حکوومەتی حەمەرەزا شای پەهلەوی، دەچێتە رێزی تێکۆشەرانی کوردو، لە یەکێک لە شەڕەکانی ناوچەی بۆکان بریندار دەبێ. پەروەردی شۆڕشگێڕانە و هەستی بەرزی کوردایەتی خاڵە ئەحمەد بووە هۆی ئەوەی کە کوڕیکی ناوبراو بە ناوی کاک برایم ڕووی لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کرد و ماوەی چەندین ساڵ هەم وەک کادرێکی ناسراو و خۆشناوی ناوچەکە و هەمیش وەک مامۆستای شۆڕش، لە رێزەکانی حیزبدا دەوری هەبووە، کاک ئەحمەد مرۆڤێکی ئازا، چاوەنەترس و کوردپەروەر بوو. هەتاسەر بە رێبازی دێموکرات وەفادارمایەوە
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە هۆی لە دەست چوونی کاک ئەحمەد، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوڕێی تێکۆشەرمان مامۆستا برایم دەکات و، خوی بە هاوخەمیان دەزانێ .