Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 23/11/2017 |کاتژمێر:
بیروڕای_ئازاد

هەڵوێستەیەک لەسەر ناسنامە و شوناسی سیاسیی کورد (بەشی دووهەم )

21/10/2016 | 02:36:34
azizishexaniiii
عه‌زیز شێخانی

مێژووی کوردان پڕە لە دژایەتیی یەکتر و شەڕی یەکترکردن، بەڵام دوور لە سازان و یەکگرتن. شەڕە گەورە جیهانی‌یەکان، شەڕی سارد و سەردەمی تازەش شوناسی شکاو و درزدراوی کوردانی تۆکمە و راوەستاو نەکردوە. کوردەکان لە ئاکامی دابەشبوون بە سەر عەشیرەت، هۆز، ئایین و زاراوەی جیاواز و نەبوونی زمانی هاوبەش و دەسەڵاتی هاوبەش بەردەوام یەکتریان بە جیاواز لە خۆیان پێناسە کردوە. پێوەندی نێوان هێزە سیاسی‌یەکان، هۆز و عەشیرەتەکان لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا دەیسەلمێنێ کە کوردەکان چەندە و چۆن یەکتریان خویندۆتەوە و چۆن بوونە داردەستی ئەو دەوڵەت و ئەم نیزام، بەڵام لەگەڵ خۆیان‌دا هاوشێوەی دوژمن جووڵاونەوە. لە ناخی ناسنامەی تێکڕایی کوردان‌دا هێشتا زۆر وردە‌ناسنامەی پێوەندیدار بە ناوچە، دەوڵەتی سەردەست، ئایین و هتد رۆڵی بەرچاو دەگێڕن. لە ئاکام‌دا بۆ زۆر کەس رەنگە ناسنامەی ئایینی، هۆز و زاراوەیی بە سەر ناسنامەی سیاسی‌دا زاڵ بێ. ژێردەستەبوونی کوردان و دابەشبوونیان له‌ ژێر دەسەڵات و دەوڵەتی جیاواز، ئەوانی تا رادەیەکی زۆر، لەگەڵ زمان، مێژوو، شوناس و کولتووری کورد نامۆ کردووە. کوردەکان خاوەنی یەک ئایینی هاوبەش نین کە هێزی لێوەرگرن و رەنگاوڕەنگی لەو گۆڕەپانەدا هەست و تێگەیشتی خۆناسی لاواز کردوون.
هێشتا لە قۆناخی بەرەنگاری و بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتە سەردەستەکان‌دا، ناسنامەیەکی تێکڕایی نەخوڵقاوە کە ریزی هەمووان کۆنکرێت و یەکگرتوو بکات. لە سەردەمی ئەمڕۆدا و بەتایبەت لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا شوناسی کورد له‌ژێر تیشکی ئاڵوگۆڕە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان تەکانێکی خواردوە، بەڵام هێشتا رەنگدانەوەی رۆژانە و کردەیی لە نێو تاک و کۆدا نەبووە. تێکنۆلۆژی تازە، ئامێرە پێشکەوتووەکان، مێدیای سەردەم و کرانەوەی دەروازەکانی جیهان بە شێوەی ئاسایی و ڤیرچواڵ بەسەر کوردستان و کوردەکان‌دا بە ئاشکرا تەوژمی شوناسی سیاسی گۆڕیوە. بەشێک لە کوردان و بژاردەیەک لەوان بە دوورکەوتنەوە لە کوردستان و بەراوردکردنی خۆیان لەگەڵ ئەوانی دیکە، شارەزاییەکی رێژەییان لەسەر ناسنامەی خۆیان وەدەست هێناوە. دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی نەخشەی کوردستان لێرە و لەوێ جۆرە تێڕوانینێکی لە نێو هزر و بیری کوردان‌دا بەرهەم هێناوە، بەڵام هێشتا کردەوە و دروشمەکان یەکانگیر نەبوون و زۆر لە یەکتر دوورن. بۆ وێنە لە دەرەوەی وڵات کوردەکان لە بازنەی یەک حیزب‌دا یان بازنەیەکی چووکتر لە حیزب ماونەوە و لە بۆنە نەتەوەییەکان و بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی چەوسێنەرانەی دەوڵەت و نەتەوە سەردەستەکان‌دا بە شێوەیەکی یەکگرتوو دەرناکەون.
سیاسەتی فەرمی دەوڵەتەکانی زاڵ بەسەر کوردستان و تەنانەت نەتەوە سەردەستەکانی فارس، تورک و عەڕەب دژایەتی کردن و پەراوێزخستنی شوناسی کوردانە. ئەوان بە کوردەکان رەوا نابینن کە وەک گەلێکی خاوەن‌ خاک، زمان، کولتوور، مێژوو و رابردوو مامەڵەیان لەگەڵ‌دا بکەن. هەرکام لە وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستان‌دا خاوەنی سیاسەت و رێبازی تایبەت بە خۆیانن و ئامانجی هەموویان پووشبەسەر کردنی پرسی کورد و کوردستانە. ئەوان چارەسەرکردنی راستەقینەی ئەو پرسە بە زه‌بری گەورە لە پەیکەری شوناس و جۆغڕافیای درۆزنانەی سیاسیی خۆیان دەزانن، بۆیە هەوڵیانداوە لە رێگای سەرکوت و کوشتن بەگژ سیاسەتی مافخوازنەی کوردەکان‌دا بچنەوە. لە قوتابخانە و زمانە فەرمی‌یەکانی دەوڵەت و نەتەوە سەدەستەکان‌دا باسێک لە کورد ناکرێ و هەر وڵاتە بە پاساوی جیاواز و کەڵکوەرگرتن لە چەمکی فریودەرانە خۆیان لە شوناسی کورد و مافەکانیان دەدزنەوە. ئەگەرچی کوردەکان لە رووی ژمارەوە بە گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی جیهان دەژمێردرین، بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دا وەک پێویست سەرنج و فۆکۆسیان نەخراوەتر سەر. تەوژمی شوناسی سیاسیی کورد جووڵەی بەرچاو ناخوڵقێنێ و هێشتا تۆکمە و کارا دەرناکەوێ، بۆیە لە ئاستی نێوخۆ، ناوچە و جیهان‌دا بە گرینگی چاوی لێ ناکرێ. لە پارچەکانی کوردستان جووڵەی خۆڕسکی مافخوازانە و بەرین نابیندرێن و پرسەکان زیاتر لە کاناڵی پارتە سیاسی‌یەکان و رێکخستنەکانیان‌دا دێنە بەرباس. بێدەنگیی و سەرکزی نێوخۆ و سیاسەتی توندوتیژی دەسەڵاتە سەردەست و کولتووری نەتەوەی باڵادەست، بانگی ناسنامەی تێکڕایی کپ کردوە. راپەڕینی باشووری کوردستان و دامەزرانی حکومەتێکی دیفاکتۆ لە باشوور له‌ ژێر تیشکی رووداوە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان‌دا دەرگای دەرفەتی زۆر و زەوەندی بۆ کوردەکان خستە سەر پشت و قۆناخی زێڕینی بۆ رەخساندن، کە هێشتا لەبەر هۆکارە نێوخۆییەکان سەقامگیر نەبووە. لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان وەرزی چنینیەوەی دەرفەتەکان دەستی پێکردوە و سیاسەتی سەرکوت و توقاندن بۆی نەلواوە کوردەکان بە تەواوەتی لە خۆیان نامۆ بکات. لە رۆژهەڵات کوردایەتی لە بیر و دڵەکان‌دا کەم و زۆر هەیە، بەڵام لە کردەوە و دەربڕینی نێوخۆدا ئاکاری ناتەبا لەگەڵ ناسنامەی سیاسی دەبیندرێ. لە ئاستی بیر، وتە و کردار تاک و کۆی کورد دەرفەتی دەربڕینی کۆنکرێتی ئیرادە و هەستی خاوەنایەتی کوردستانی بۆ نەڕەخساوە و بە لاوازی لە بەرامبەر ئەوانی دیکەدا دەردەکەوێ.
کوردەکان، له‌ ژێر پاڵەپەستۆ و بارودۆخی ناچاری‌دا لەگەڵ دەوڵەت و نەتەوە سەردەستەکان بە رواڵەت تەبا و سازاون. ئەوان لەبەر لاوازیی هەستی کوردایەتی و شوناسی تێکڕایی، رەنگە جیاکاری لە نێوان خۆیان و دەوڵەتە داگیرکەرەکان‌دا نەکەن. هێشتا بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان بە بیر، وتە و کردار باوەڕی بەوە نییە کە خاکەکەی لە لایەن هێزێکی دەرەکی داگیر کراوە و نەتەوەکەی لە مافی خۆبەڕێوەبردن بێبەش کراوە. ئەوان له‌ ژێر کارتێکەری زمان، کولتوور، ترس و زڕەناسنامەی ئێرانی، تورکی، عێڕاقیی و سوری‌دا هێشتا لەگەڵ پرسی خۆناسین ئاشنا نەبوون. بەشێک لەو خەڵکە لە کولتوور و زمان و شوناسی خۆیان شۆراون و خۆیان بە کولتوور و بیرۆکەی بریقەداری نەتەوەی سەردەست یان سەردەم هەڵداوەسن. لە مێژووی نوێی جووڵانەوەی کورددا حیزب و رێکخراو سیاسی‌یەکان لەسەر شوناس و هێڵە گشتی‌یەکانی کوردایەتی تەبا و هاودەنگ نەبوون. ئەگەرچی حیزب و پارتە میللی دێموکراتیکەکان رێبەرایەتیی خەباتی رەوای خەڵکی کوردیان کردوە و لە پاراستنی ناسنامەی سیاسیی کوردان‌دا رۆڵی ئه‌رێنیان گێڕاوە، بەڵام قووڵایی سیاسەت و ستراتیژی بەشێکیان لەگەڵ بنەماکانی ناسنامەی کوردان ناتەبا بووە. بۆ وینە، بەشێک لەوان لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی‌یە کورتماوەکان‌دا خاوەنی سەربەخۆیی سیاسی نەبوون و ژومارەیەک لە دەوڵەتە سەرکوتکەرەکانی کوردستانیان بە باش و دۆستی کورد پێناسە کردوە. ئەوان لە پێناوی مانەوە و هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆیان پشتیان بە یەک یان چەند دەوڵەتی زاڵ بە سەر کوردستان داوە و بە گوێرەی ویستی خۆیان سوکانی کوردایەتیان سووڕاندوە. لاوازبوونی بەستێنی پەروەردەی نیشتمانی لە ماڵ و نەبوونی پەروەردەی هاوسەنگ و نیشتمانی لە قوتابخانە و کۆمەڵگه‌دا بەردەوام تاکی نامۆی بەرهەم هیناوە. لە ئاکامی ئەو رەوتەدا ژمارەیەکی کەم لە کوردەکان، لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان‌دا ئامادەی کار و تێکۆشانی کاریگەر بوون. لاوازیی ناسنامەی سیاسی لە ئاستی بەرین‌دا لە سەر پاسیڤبوونی بزوتنەوەی کوردان کاریگەرە، چونکە هێشتا بزووتنەوەیەکی بەرین و کارای لەسەر ئەرزی واقع نەخوڵقاندوە. شکستی بزوتنەوە کوردییەکان لە ماوەی یەک سەدەی رابردوو ئاماژە بە کامڵ نەبوونی هەستی خۆ بو کورد زانین و ناسنامەی تێکڕایی کوردان دەکات، کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە رێژەی جیاواز بەرچاو دەکەوێ.

خەڵکی کورد لە زۆربەی پارچەکانی کوردستان‌دا رۆژانە لەگەڵ کوردایەتی و پرسی ناسنامەی سیاسی هەڵسوکەوت ناکات. ئەوان لە دوورەوە، لە سیاسەت و کردەوەی حیزبەکان دەڕوانن و لە کاناڵی مێدیای دوورە‌وڵات لەگەڵ بابەتەکان هەڵسوکەوت دەکەن. زۆربەیان لەسەر رێژیم، دەوڵەت و نەتەوەی سەردەست هیچ جۆرە وێنەیەکیان نییە و ئەوان بە چاوێکی ئاسایی سەیر دەکەن. لە بازنەی بیرکردنەوەی ئەوان‌دا کردەوە و هەڵوێست ونە و ئاسۆیەکی روون بۆ پاشەڕۆژی خۆیان نابینن. لۆژیک و پلان، لە سیاسەتی کوردی‌دا ونە، بۆیە دەست و جووڵەکان بۆ ماوەیەکی بەردرێژ نین و بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو تاو نادرێن. تاکی کورد له‌ژێر تیشکی پەروەردەی دەوڵەت سەردەستەکان، کولتووری نەتەوەی سەردەست و دوور بوون لە مێژوو، رابردوو، جۆغڕافیا، نەتەوە و ئامانجە رەواکان کەمتر توانیویەتی دەستی لە ئەڵقەی شوناسی تێکڕایی گیر بکات. ئەوان جاروبار بۆ خۆ دەربازکردن له‌ژێر باری بەرپرسیارەتیی نیشتمانی و خۆدزینەوە خۆیان داوێنە باوەشی ناسنامەی گڵۆباڵ، ناوچەیی و ئایینی، کە لەسەر کۆی رەوتی کوردبوون شوێندانەر نییە. کوردەکان لە ئاستێکی بەرین دا و وەک نەتەوەیەکی سەردەم ئاگاداری خەم و ژانی یەکتر نین. سیاسەتی بەشێکی زۆر لە پارت و رێکخڕاوە سیاسی‌یەکان کوردەکانی لە بازنەی ناسنامەی حیزبێکی دیاریکراودا هێشتۆتەوە و دەرفەتی پەرەپێدانی کۆد و سەمبولە نەتەوەییەکانی لەباربردوە. لە ئاکام‌دا بە کردەوە تەوژمی هەستی هاوچارەنووسی کوردەکان لە بەستێنی نیشتمان‌دا لەسەر رێچکەی سروشتی گەشەی نەکردوە و پەرتەوازەیی بانگی ناسنامەی کوردانی کپ کردوە. نەبوونی زمانی هاوبەشی خوێندن و نووسین، ئاگادار نەبوون لە رابردوویی خۆیان و ئەوانی دیکە و هەروەها نەبوونی ئازایەتی بۆ شکاندنی سنوورە سایکۆلۆژی‌یەکان، زڕە ناسنامەکان و سنوورە دەستکردەکان هۆکاری ناکامڵبوونی ناسنامەی تێکڕای کوردانە. شوناسێک، کە بە گوێرەی بەرژەوەندی‌یە جیاوازەکان رەنگ و روخسار دەگۆڕێ و زیاتر گرینگی بە رواڵەت و رووکار دەدات و هزر و بیر پەڕاوێز دەخات.

تویژی خوێندەواری کورد و پێشڕەوانی ئایینی لەو پێوەندییەدا و بە بەراورد لەگەڵ نەتەوە و گەلانی دیکەی جیهان کارێکی بەرچاویان نەکردوە. ئەوان لە پەرەپێدان بە زمانی دایک خۆیان بواردووە و هاوشێوەی گەلانی دیکە پێشڕەو و رابەری گەل ویست و خاک خۆشەویست نەبوون. بۆ وێنە مەلای کورد ئەگەر ٥٠٠ ساڵ لەوە پێش هەوڵی وەرگێڕانی کتێبی قورئانیان دابایە و دواتر ئەو کتێبەیان بە کوردی بە خەڵکی باوەڕدار گوتبایەوە، باشتر پەرەیان بە زمانی دایک دەدا. بێجگە لەوە، تێگەیشتن لە خۆ، خوا، ئەوانی دیکە و ژینگەیەکی گونجاوتری بۆ کورد دەخوڵقاند و مافە سروشتیەکانیان بە ئاسانی پێشێل نەدەکران. قەشە و مەلایانی ئایینی لەنێو نەتەوە و گەلانی دیکەدا لە پێشڕەوانی پەروەردە و فێرکردنی زمانی دایک و بەگژداچوونەوەی زاڵم و سەرکوتکەرەکان‌دا بوون. توێژی خوێندەوار بە هۆکاری چەندایەتی و چۆنایەتی و هەروەها تایبەتمەندی‌یە کۆمەڵایەتی و کولتووری‌یەکانی کوردەوە زۆر بە کەمی توانیویانە لە خەباتی بەناو پەرەپێدان بە زمانی دایک، خۆناسین، چیرۆک و مێژوودا پێشڕەوی چالاک بن. زۆربەی شێخ، ئاغا، مەلا، میرزا و رووناکبیر و سیاسیەتکارە کوردەکان لە پرسی ناسنامەدا کێشە و گرفتیان هەبووە، بۆیە لە هەڵسوکەوت و دەربڕینەکانیان‌دا کەمتر ئاوڕیان لە دیواری کۆشکی کوردایەتی داوەتەوە. لەو مەیدانەدا پاشکۆیەتی بەشی کوردان بووە، چونکە ئەوان توانای خوێندنەوەی کۆی وێنەکەیان نەبووە، بۆیە لە هەڵاواردنی خۆیان و ئەوانی دیکەدا شارەزا و سەرکەوتوو نەبوون.
کێشەی بەشێکی زۆر لە کوردانی خوێندەوار ئەوەیە، کە تەنانەت بە زمانی دایک بیر ناکەنەوە و بە زمانی فارسی، تورکی و عەڕەبی بیر دەکەنەوە، بۆیە لە پرسی ناسنامەی سیاسی و تێکڕایی‌دا ئامانجدار و ورد نین. زمان بە گەورەترین فاکتەری بەرهەمهێنانی خەونی نەتەوە و گەلان بە ئەژمار دێ و لە پرسی تێگەیشتن و هەللاجیکردن لە کێشە و چارەسەرەکان‌دا بە شاکلیل دژمێردرێ. سیاسەتی خۆمەخۆمەی کوردان لە سەدەی ٢١دا هێشتا بەستێنی زمانێکی هاوبەشی نەخوڵقاندوە. بە واتایەکی دیکە، لە کاتێک‌دا هێشتا وەک گەلانی دیکەی جیهان ئامانجە سەرەتاییەکانمان دەستەبەر نەکردوە، خەریکە خۆمان باویژینە ئامێزی ناسنامەی تێکشکاو و چەند رەنگیی گڵۆباڵ و بە جارێک شوناسمان خەوشدار بکەین. لە پرسی زمان‌دا سیاسەتی هۆز و عەشیرە باوە و هەر ناوچەیەک بە گوێرەی ویستی عەشایری خۆی زمانی هاوبەش مانا دەکاتەوە. ئەوان ئاگایان لەوە نییە کە یاسا باوەکانی سیاسەت و مێژوو زۆر رەق و تەقن و دڵیان بۆ شوناسی گوند و خێڵ لێ نادات و گەل و دەوڵەت بەو ستایلە نەدادەمەزرێ و نەبەڕێوەدەچێ.

مۆدێڕنیزم ناسنامەی ئاڵۆزتر و قۆناخی پۆست‌مۆدێڕنیزم پرسی شوناسی پڕ لە کەند و کۆسپ کردوە. شایانی باسە، کە لە روانگە فەلسەفەی سەردەمی رۆشنگەریەوە ناسنامەی تێکڕایی و هەروەها سەرجەم ئەو داب و نەریتانە سێحری خۆیان لە دەست داوە و توانای مانەوەی ئەرێنیان نییە. بە گوێرەی روانگەی ئاماژەپێکراو، ئامانجی سەرەکیی مرۆڤایەتی بە یەک‌گەیشتن و دوورکەوتنەوە لە جیاوازی‌یەکانە و بۆ گەیشتن بەو مەبەستە پێویستە کەند و کۆسپە ناوچەیی، نەریتە کۆن و سەمبولەکان نەمێنن. بە تێگەیشتنی بیری مۆدێڕن و سەردەمیانە، تاکەکان ئازادن و لە کۆمەڵگه‌دا بە گوێرەی ویست و تێگەیشتنی خۆیان بڕیار دەدەن. نیزامە سیاسی و ئایدۆلۆژی‌یەکان بە ئایینی، کۆمۆنیستی و سەرمایەداریەوە سەلماندوویانە کە ناسنامە و بایەخەکان له‌ کۆتایی هەموو چیرۆکەکان‌دا یەکلاکەرەوەن. مرۆڤەکان بە ناو و چەمکی جیاواز تێدەکۆشن خۆیان ئازاد کەن و دەسەڵاتی خۆیان پەرە پێ‌بدەن و لە کۆتایی‌دا ناسنامە و کولتووری تێکڕایی خۆیان تۆکمە کەن. نەتەوە و گەلانی ژێردەست و مرۆڤە چەوساوەکان لە بارودۆخێکی پڕ لە چەرمەسەری‌دا لەدایک دەبن و گەورە دەبن، بۆیە بە گوێرەی پێویست دەرفەتی دەرکەوتن و خۆناسین و گەیشتن بە لوتکەی ناسنامەی تێکڕاییان لێ زەوت دەکرێ. کوردەکان وێنەیەکی زیندووی ئەو مێژوویەن و بۆ گەیشتن بە مافەکانیان خوێن و بەهایەکی زۆریان داوە، بەڵام هێشتا رێگای خۆیان لە رێگای ئەوانی دیکە جیا نەکردۆتەوە. کوردەکان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، لە پێوەندییەکی هاوتادا نین و بەردەوام لە لایەن نەتەوە و دەسەڵاتە باڵادەستەکانەوە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە و زمان، کولتور، خاک و ناسنامەیان کراوەتە ئامانجی هێرشی دوژمنکارانە.

رزگاربوونی راستەقینە و دەستەبەرکردنی مافەکان پێویستی بە ناسینی “ئێمە” و “ئەوانی دیکە”یە. سەرکەوتنی ستراتیژی کار و دوارۆژی کوردان راستەوخۆ لەگەڵ پرسی ناسنامەی سیاسی‌دا گرێدراوە. لە دۆخێکی ئەتۆدایە کە چوارچێوەی کار و تێکۆشان و سنووری نێوان ئێمە و ئەوان بە هێزی لۆژیک دیاری دەکرێن و مەودا و دەرفەتی خۆفریودان و تەفرەدانی نەتەوەی کورد کەمتر دەبێتەوە. کامڵبوون و ساغبوونەوەی ناسنامەی سیاسیی کوردان دەرفەتی ئەرێنی و بنیاتنەر دەخوڵقینێ و چاک و خەراپ لێک جیا دەکاتەوە. چیرۆکی سەرکەوتنەکان تۆختر دبنەوە و تاکتیک و ستراتیژی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان کارسازتر دەبن و هەروەها کەرەستەی خۆپاراستنی هەمەلایەنە لە چنگی دوژمن زۆرتر دەبێ. گەلی کورد، لە پشت قۆناخی خۆساغکردنەوە و خۆناسین هەڵسەنگاندنی وردتر بۆ خۆیان و ئەوانی دیکە دەکەن و بە زۆڕنای هەموو لایەک سەما ناکەن. رێزگرتن لە زمان و نیشتمان بە قەپانی قسە مەزندە ناکرێ، بەڵکوو ئەرک و بەرپرسیارەتی دەخوازێ. بیرکردنەوە بە زمانی نەتەوەی سەردەست و دەوڵەتی داگیرکەر و سووڕانەوە لە بازنەی ویستی ئەوانی دیکە، بێگومان کوردەکان بەرەو مەنزڵگەی سەرکەوتن نابات. کاتێک کوردەکان دەگەنە لوتکەی شوناسی سیاسی‌یان، ئەوکات بە هزر، دروشم و کردەوە هاوار دەکەن کە ئەوان تورک و عەڕەب نین و بە زەبری زۆریش نابنە فارس و ئێرانی، بەڵکو کورد و کوردستانی دەبن.

ئەو سەرچاوانەی لە نووسینی ئەو بابەتەدا سوودیان لێوەرگیراوە:

Harle, Vilho (toim.2000) Kansainväliset suhteet Lapin yliopistossa, Kriittinen geopolitiikka ja kansainvälinen ympäristöpolitiikka (p.35-66), Rovaniemi

De Benoist, Alain (2013, suomentanut Timo Hännikäinen) Identiteetistä, Puhe National Policy Instituten konferenssissa Washingtonissa 26.10.2013
Identiteetistä

Sheikhani, Aziz (2004) Kurdien poliittinen tilanne Itä-Kurdistanissa, Iranin Islamilaisen tasavallan alla, Progradu-tutkielma, kansainvliset suhteet, syksy 2004
لە ژماره‌ ٦٩٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌