Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 23/11/2017 |کاتژمێر:
بیروڕای_ئازاد

هەڵوێستەیەک لەسەر ناسنامە و شوناسی سیاسیی کورد (به‌شی یه‌که‌م)

06/10/2016 | 12:08:57
azizishexaniiii
عه‌زیز شێخانی

تێڕوانین لە جیهان، گۆی زەوی و دابەشکاری جۆغڕافیایی و سیاسی لەگەڵ زۆر راستیی تاڵ و وشک ئاشنامان دەکا. لەو ژینگەیەدا لاوازان پەراوێز خراون و تەنانەت لە مافی خاوەنایەتیی خاک و چارەی‌خۆنووسین دابڕێندراون. ئێمەی کورد لە کۆنەوە، نەخشی شوینکەوتە و پاشکۆیەتیمان بە باڵا بڕاوە و لەدوای گەل و نەتەوەکانی دیکەی جیهان لەگەڵ چەمک و دیاردەکان ئاشنا بووین. ئێمە وەک تاک و کۆ هێشتا لە سەدەی ٢١دا ئازایەتیی خۆناسین و داواکردنی ویست و داخوازەکانمان بە شێوەیەکی کۆنکرێت و تۆکمە نییە. ئێمە لە جیهانی ناسنامەکان‌دا خۆمان لێ‌گۆڕاوە و شەکەت و ماندوو، داگیرکەر و خۆمان بە سروشتی لۆژیکی شوناس بۆ جیاناکرێتەوە. هاوار و کردەوەکانمان لەسەر بنچینەی ناسنامە شێواو و پەرتەوازەکەمان، هێزی گۆڕانیان نییە و لە نیوەی رێگادا دەوەستن. لە ئاکامی خۆنەناسین و نەبوونی توانا بۆ خۆجیاکردنەوە لە ئەوانی دیکە، چاوەڕوانی رزگاریدەری ئاسمانین و لە پێناوی مانەوەدا له‌ ژێر چنگی داگیرکەران‌دا سەرکز و ماتین. لەو جیهانەدا نیزیک بە ٢٠٠ دەوڵەت لە ماوەی چەند سەت ساڵێک‌دا پێکهاتوون و نەخشەی جیهانیان بە تەواوەتی گۆڕیوە. ئێمە لەو بەستێنەدا زۆر لە سەرەخۆین و هێشتا بۆ گەیشتن بە ئۆتۆنۆمی رێگا دەبڕین. مرۆڤەکان لە یەکە سیاسی‌یە جیاوازەکان‌دا دەژین و لە ماڵ، کۆمەڵگه‌ و قوتابخانەکان‌دا فێر دەکرێن کە سەر بە چ ئایین، رەگەز، نەتەوە، کولتوور و کەمە‌نەتەوەیەکن. ئێمەش لەسەر خاکی خۆمان ناچار دەکرێین کە مێژوو، زمان، کولتوور و چیرۆکی نەتەوە سەردەست و دەوڵەتە چەتەکان بخوێنین.
بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ناسنامەی سیاسی گونجاوە چەند پرسیاریک بورووژێنین کە سنوور ناناسن و لە نێو گەل و نەتەوە جیاوازەکانی سەر تۆپی زەوی‌دا جێکەوتوو و باون. تۆ کێی؟ ئێمە کێین و خاوەنی چ رابردوو و مێژوویەکین؟ کورد بوون چ مانایەکی بۆ ئێمەمانان هەیە؟ تۆ هەڵگری ناسنامەی چ وڵاتێکی و زمانی دایکت چییە؟ لە کوێ لە دایک بوویی و سەر بە چ ئایین و قوتابخانەی دینیت؟ رەگەز و پیشەت چییە و سەر بە چ نەتەوە و کولتوورێکی؟ ئەو پرسیارانە لە جیهانی ئەمڕۆدا نامۆ نین، بەڵام لە سەردەمی کۆن‌دا بێ بنەما و نامۆ. کاکڵەی ئەو باسە لە سەردەمە جیاوازەکان‌دا کەم‌و‌زۆر رەنگ دەگۆڕێ، بەڵام هەناوی ناگۆڕێ و هەڵگری مانا و بایەخی قووڵە. ئەو پرسیارانە بە تێکڕا باس لەوە دەکەن، کە ئێمە یان ئەمن چ پێوەندی‌یەکم لەگەڵ ئەوانی دیکە و دەورەبەردا هەیە و لەگەڵ کامانە خاوەنی رابردوویەکی هاوبەش، ئەمڕۆیەکی پێکەوە و دوارۆژێکی وەک یەکین.
ئایدێنتیتی وشەیەکی تێکەڵاوی زمانی لاتینە کە لە دوو بەشی ئیدێم و ئینتێتی پێکهاتووە. بەشی یەکەم “ئیدێم” بە مانای هاوشێوە، وەکوو یەک یان لێکچوو دێ و بەشی دووهەم “ئینتیتی” مانای تێکڕا و هەموو دەدات. ئەو وشەیە ئاماژە بە سەرجەم یان تێکڕا دەکات کە وەک‌یەک و هاوشێوە ده‌مێنێتەوە و لە ئاڵوگۆڕە گەوەرەکانیش‌دا هەوێنی لە دەست نادات. شوناس لە روانگەی ئەندامانی کۆمەڵە مرۆڤێک، گەل و نەتەوەیەک مانا و ئاماژەیەکی هاوبەش دەدات. تێگەیشتن لە ناسنامە بەندە بەوەی، کە لە چ روانگە و زانستێکەوە هەڵدەسەنگێندرێ. ناسنامە لە ئاستی تاک‌دا زیاتر بواری سایکۆلۆژی و ناخ و “خۆ” دەگرێتەوە، بەڵام لایەنە تێکڕاییەکەی دەرکەوتەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتی‌یە. لە تێڕوانینی “ستوارت هاڵ” ناسنامە بە سەر سێ بازنەی زەمەنی‌دا دابەش دەکرێ. یەکەم ئەو بەشە کە مرۆڤ بە لەدایکبوون وەری دەگرێ و وەک تاکێکی تەواو و خاوەن هزر، تێگەیشتن، زانیاری و تێکۆشان هەڵگریانە. دووهەم بازنە بریتی‌یە لە بەستێنی کۆمەڵایەتی، کە وەک بازنەی یەکەم سروشتی و ئوتوماتیک نییە، بەڵکو لە پێوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکە و دەورووبەردا شكڵ دەگرێ. سەمبول، بایەخ و ماناکان لەو قۆناخەدا کارا و شوێندانەرن. بازنەی سێهەم، باس لە بازنەی پۆستمۆدێڕن دەکات کە زۆر کۆکراوە و تۆکمە نییە، بەڵکو پەرتەوازە و لێکدابڕاوە. ئەو جۆرە لە ناسنامە لە چەند ژێرشوناس پێکهاتوە کە رەنگە لەگەڵ یەکتردا ناتەبا بن.
ناسنامە رەوتێکە کە بەردەوام لە ئاکامی پێوەندی‌یە نێوخۆیی و دەرەکی‌یەکان، سروشتی ژینگە و تێڕوانینی ئەوانی دیکە، روخسار دەگۆڕێ. شوناس لە ئانالیز و هەللاجی کردن‌دا بە سەر نێوەرۆک، قەوارە و رەوت‌دا دابەش دەکرێ. شیکردنەوە و تاریفیکی کۆنکرێت لە ناسنامەی مرۆڤ کارێکی گرانە. ناسنامە پرسێکی سەردەمی مۆدێڕنە، کە خاوەنی زۆر رەهەند و روخساری جیاوازە. لە سەردەمە کۆنەکان‌دا مرۆڤەکان وەک ئەندامی کۆمەڵە بچووک و بنەماڵەکان لەسەر ناسنامە و شوناسیان هیچ جۆرە پرسیار و گومانیان نەبووە. لە ئاکامی گەشەکردنی کۆمەڵگه‌، روودانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە بەستێنی ژیانی مرۆڤەکان، پەرەسەندنی ژیانی رێکخراوەیی و ئیداری، شوناسی مرۆڤەکان پەلی هاویشت و لق و پۆپی زیاتری لێ‌کەوتەوە. کاتێک مرۆڤەکان لەسەر بناخەی جیاواز، چوارچێوەی جۆغڕافی و ئابووری‌یان بۆ خۆیان دەستنیشان کرد و مێژووی خۆیان داڕشتەوە، تێڕوانیان لەسەر خۆیان و ئەوانی دیکە گۆڕا. لە درێژەی ئەو رەوتەدا، زمان تەنیا بۆ نووسینی کتێب و داڕشتنە ئایینی‌یەکان بەکار نەهات و بوو بە ئامرازی نووسینی رووداو و زانیاری‌یەکان و بە سێحرێک رابردوو، ئەمڕۆ و داهاتووی پێکەوە بەستەوە. لە بەستێنی ژیانی مرۆڤ‌دا باس و ماناکان بە تەواوەتی لە یەکتر جیا ناکرێنەوە. لە ژێر تیشکی ئەو خویندنەوەیەدا ناسنامەی تاکە مرۆڤێک لە دەورووبەر جیا ناکرێتەوە. کاتێک پرسیار لە خۆم دەکەم، “کە ئەمن کێم؟” بێگومان لەگەڵ پرسیاری “ئێمە کێین؟” گرێدراوە و لە بەستینی کۆمەڵایەتی، ئێتنیکی، کولتووری، ئایینی، زمان و ناوچەی ژیان و هتد بە یەک دەگەن.
ناسنامە لە ئاستی تاک یان کۆدا لێگرێدراوی توخم و ژینگەی پێوەندی‌یەکانی نێوان “خۆ” و “ئەوانە”. ناسنامە لەگەڵ داوبەندە کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایینی و زمانەوانی‌یەکان‌دا گرێدراوە. شوناس مانا و هەوێنی ژیانە، بۆیە بە بابەت و ماتڕیاڵی لاوەکی و دەرەکی جێگای پڕ ناکرێتەوە. شوناس تێکەڵێکە لە دیالۆگ لەگەڵ خۆ و دەوروبەردا. بۆ وێنە ئێمە وەک ئەندامی کۆمەڵگه‌ی کورد یان ئەوانی دیکە وەک ئەندامی کۆمەڵگه‌ی فارس، تورک یان عەڕەب، هەوێن و ماددە سەرەکی‌یەکانی پێویست بۆ ژیان وەک زمان، مێژوو، شوێنی لەدایکبوون، کولتوور و ئایین لە کۆمەڵگه‌ وەردەگرین. بەشێکی بنەڕەتی لە بەستێنەکانی ناسنامەی ئێمە لە پێوەندی ئێمە و کۆمەڵگه‌دا و بەتایبەت ئێمە و ئەوانی دیکەدا مانای خۆیان وەردەگرن. بازنەی شوناس و ناسنامە لە بەستێنی کات و سەردەم‌دا دەکەوێتە ژێر شوێنەواری ئاڵوگۆڕەکان، بەڵام خاڵی جەوهەری ناسنامەی تێکڕایی، وەرچەرخانی گەورە وەرناگرێ. مرۆڤ گیانلەبەرێکە، کە هەللاجی خۆی دەکات و لێکدانەوەی لەسەر خۆی هەیە. ناسنامە لە بنەڕەت‌دا چیرۆک و گێڕانەوەی خۆمان لە رووداو، دیاردە و خۆمانە، کە وڵامی ئەو پرسیارە تاوتوێ دەکات، کە ئێمە کێین؟
ناسنامە لە بواری سایکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری، ئایینی، رەگەز، پیشە و هتد لێکدراوەتەوە. لە پەنا چەمکی ناسنامە زۆر چەمکی دیکە وەک گەل، نەتەوە، نەتەوایەتی، هاووڵاتی و نیشتمانی زەق دەبنەوە. لە خوێندنەوەیەکی ساکاردا، ناسنامە بەرهەمی پێوەندی‌یە کۆمەڵایەتی‌یەکانە، کە بە پێوەندی کۆرپە و دایک و باقی ئەندامانی ماڵ دەست پێ‌دەکا و پەل بۆ کۆمەڵگه‌ و گۆڕەپانێکی بەرینتر دەهاوێژێ. شوناس لەگەڵ ئەوەی لە ئاستی تاک و تێکڕایی ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمە یان ئەمن کێم، لە هەمانکات‌دا دەریدەخات کە ئێمە یان ئەمن کێ نین. به‌ واتایەکی دیکە خاڵی بەرامبەر بە ئێمە یا ئەمن، ئەوان یا ئەوە، کە لە بەراوردکردن لەگەڵ خۆمان‌دا جیاوازە و هاوشێوەی ئێمە نییە. ئەو جیاوازی‌یە لە شکڵ و شێوەی جیاوازدا دەردەکەوێ کە لە کۆن‌دا لە زمان و ئاخاوتن‌دا زیاتر رەنگی داوەتەوە.
ناسنامەی تێکڕایی و سیاسی بە زەقی لە شوناسی سایکۆلۆژی و ‌تایبەت بە تاک جیا دەبێتەوە و سنووری پێوەندی‌یە کۆمەڵایەتی‌یەکان دەبڕێ. شوناسی سیاسی، بە لوتکەی جیاکەرەوەی نێوان ئێمە و ئەوان یان دۆست و دوژمن بە ئەژمار دێ. ئەو پێوەندی‌یە پاسیڤ نییە و لە کردەوەدا ئەکتیڤ و کارایە. ناسنامەی سیاسی و تێکڕایی لە بەستێنی کات و مێژوودا شكڵ دەگرێ. ئەو جۆرە لە شوناسە لەگەڵ هەوداکانی رۆژگار و رووداوەکان تێکەڵە و چیرۆک، سەمبول و رەمزە نەتەوەییەکان یان تێکڕاییەکان لەخۆدەگرێ. بە واتایەکی دیکە سەمبول، رەمز و کۆدە گشتی‌یەکان لە شكڵگرتنی شوناس‌دا رۆڵی گەورە دەگێڕن. لەسەر بناخەی شوناسی سیاسی، ئەوانی دیکە لە خۆ جیا دەکرێنەوە. گەلان و نەتەوە خاوەن‌دەوڵەتەکان بە شێوازی جیاواز و لە سەردەمی کۆنەوە بەردەوام بە دوای وێنەی خۆیان‌دا گەڕاون و بۆ باشترکردنی وێنەکەیان پەنایان بۆ ئەفسانە و چیرۆک بردووە. مرۆڤەکان لە رێگای دۆزینەوە و گەشەپێدانی شوناسی هاوبەش خوازیارن کە لاقیان لە سەر ئەرزی بوونی ئەم جیهانە قایم و پتەو بکەن. لە ژێر تیشکی تیۆری ناسنامەی سیاسی بنج و بناوانی زۆر قەیران و کێشەی ئەمڕۆی جیهان دەناسرێن و چارەسەر بۆ بەشێکیان دەستنیشان دەکرێ.
چەمکی شوناس، دۆست و ئەوانی دیکە لە فۆڕمی نێوتڕاڵ، نەرێنی و دوژمن لە ئاستی لۆکاڵی، ناوچەیی و جیهانی‌دا دەردەکەون و رۆڵ و نەخشی کارا لە پێوەندی نێوان دەوڵەتان، گەلان، ئاشتی و شەڕدا دەگێڕن. بۆ وینە لە سەردەمی دوو جەمسەری‌دا هەر دووک لایەن و تەنانەت دەوڵەتانی هاوپەیمان بە چاوێکی دوژمنکارانە لە کردەوە و سیاسەتی لایەنی بەرامبەریان دەڕوانی. شایانی ئاماژەپێکردنە کە ژمارەیەک شارەزا و خاوەن‌بیروڕا گرینگیی زۆر بە شوناس لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە پێوەندی‌یە نێودەوڵەتی‌یەکان نادەن. بە وتەی کەسێکی شارەزا، نیزامی سەرمایەداری پێویستی بە بازاڕە نەک دوژمن. لە بەرامبەردا بە گوێرەی تيڕوانینی زۆر خاوەن‌بیروڕا، مرۆڤ و مرۆڤەکان بۆ درێژەدانی ژیان بێجگە لە نان پێویستیان بە شوناس و زۆر بابەتی دیکە هەیە. شوناسی سیاسی، دەوڵەت بە تەنیادەزگای تاریفکردنی و دیاریکردنی ناسنامە نازانێ. لەو روانگەوە گەل و نەتەوەکان و تەنانەت کەمەنەتەوە و ئایینەکان بەشێکی کارا و دیاری وێنەکەن و ناکرێ پەراوێز بخرێن. ناسنامە لە بەستێنی هەڵخڕاندن و دامرکاندنەوەی قەیرانەکان‌دا شوێندانەرە و بە فاکتەرێکی دیار دەناسرێ.
بە گوێرەی لێکدانەوە و خوێندنەوەی “ویلهۆ هارلێ” شارەزا لە پرسی ناسنامە و پێوەندی‌یە نێودەوڵەتی‌یەکان، لەپاش کۆتایی شەڕی سارد لێکۆڵینەوە لەسەر شوناس و ئەوانی دیکە زیاتر بوون و بە جۆریک کەوتۆتە چەقی زانستە مرۆڤی‌یەکان. کۆتاییەکانی شەڕی سارد بۆ مرۆڤایەتی بە مانای هەڵخڕانی زیاتری هەست و ئۆگری بۆ ناسنامە و شوناسی سیاسی، کولتووری و مافەکان بە ئەژمار دێت. بە واتایەکی دیکە لە دۆخی تازەدا بە فۆڕم و شێوازێکی دیکە جیاوازی‌یەکانی نێوان ئێمە و ئەوان خوێندرانەوە. بۆ زەقبوونەوەی جیاوازیی شوناس و ناسنامە، ئێمە پێویستمان بە بوون و تێگەیشتن لە ئەوانی دیکەیە کە بەستێنی خۆناسینی کۆمەڵایەتی و لە درێژخایەن‌دا سیاسیی کۆمەڵە خەڵکێک ئامادە دەکات. ئەوانی دیکە لە تاریفێکی گشتی‌دا بۆ ناسین لە بازنەی کرداری‌دا پێویستیان بە وردبوونەوەیە. دەکرێ ئەو یان ئەوان لە خانەی نێوتڕاڵ، نەرێنی و لە کۆتایی‌دا دوژمن‌دا جێ بگرن. لەسەر بناخەی رووداو و بەسەرهاتەکان، لە بیر و زەینی زۆرایەتی یان کەمایەتیی کۆمەڵگه‌دا وێنەیەک لە دوژمنی راستەقینە یان مەزەندەکراو و نادیار دەخوڵقێ، کە بۆ پرسی ئاسایشی نیشتمانی و وڵاتان سوودی لێ‌وەردەگیرێ. لە رێگای ناساندن و دیاریکردنی روخساری دوژمن قەیران و رووداوەکان باشتر مانا دەکرێنەوە و پرسی بەرەنگاربوونەوە و ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوە زیاتر زەق دەبێتەوە. لە کۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتی‌دا پێوەندی نێوان ئێمەی باش و خاوەن‌ماف لەگەڵ ئەوانی نوێنەری خەراپە و شەڕ، لەسەر بنەمای رەوایەتی چەق دەبەستێ. له‌ ژێر تیشکی ئەو دیاردەیەدا زۆربەی دەوڵەت و گەلانی بێ‌دەوڵەت و تەنانەت هێزە رزگاریدەرەکان لایەنی بەرامبەریان بە نوێنەری خەراپە و وێرانی دەناسێنن و مافی بەرگریی و پەلاماردان بۆ خۆیان بە رەوا دەزانن.
کوردەکان لە سەردەمی گەشەکردنی بیری نەتەوایەتی و پەرەسەندنی هەستی نیشتمانی و تەنانەت بەکارهێنانی زمانی دایک و خۆناسین‌دا لە دوای زۆربەی گەلانی ناوچەکە بوون. ناسنامەی سیاسیی کوردان پەرتەوازە و ناکۆنکرێتە. کوردەکان خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نین و نەبوون. ئەوان لە ماوەی زیاتر لە ٥٠٠ ساڵی رابردوودا تووشی چارەنووسی تاڵ و دابەشبوونی زیاتر بوون و هێشتا لانیکەمی مافەکانیان دەستەبەر نەبووە. چیرۆکی کاوەی ئاسەنگەر و دەسەڵاتی مادەکان کاریگەریان لەسەر ئەمڕۆی کورد نییە و لە پرسی خەباتی رزگاریخوازی‌دا مانایەکی کۆنکرێت نابەخشن. هەڵکەوتی جۆغڕافیایی و ژێئۆپۆلیتیکی کوردستان، لەسەر جۆر و چۆنایەتی شکڵگرتنی ناسنامە و شوناسی سیاسیی کوردان بە رێژەیەکی بەرچاو شوێندانەر بووە. مێژووی شەڕە کۆنەکان، رێژەی پەلامارە دەرەکی‌یەکان بۆ سەر خاکی کوردان، زاڵبوونی نەتەوە و دەسەڵاتی ئەوانی دیکە لە کوردستان تەگەرە و کۆسپی لە بەردەم گەشەکردنی سروشتی ناسنامەی تێکڕایی کوردانی خوڵقاندوە. ژیان له‌ ژێر دەسەڵاتی چەوسێنەر و تەنانەت چەوسانەوە بە ناوی خوا و ئایین لە ماوەی سەدان ساڵ و دابەشبوون لە نێوان دوو دەسەڵاتی عوسمانی و پێرسیا(ئێرانی کۆن) و دواتر تورکیە، ئێران، عێڕاق و سوریەدا پرسی شوناسی کوردیان ئاڵۆز کردوە. له‌ ژێر پاڵەپەستۆی زۆرداران و پەرتەوازەبوونی نێوخۆیی‌دا، کوردەکان بە شێوەیەکی کۆنکرێت و تۆکمە بەرپەرچی ئەوانی دیکەیان نەداوەتەوە.
ناوچەی کوردان لە سەردەمی گەشەکردن و رووناکبیری و دامەزرانی دەسەڵاتی مۆدێڕن، لە زۆر بابەت و دیاردە دوور بووە. ئەوان لەپاش زۆربەی گەلان و خەڵکی دیکەی ناوچە ئاگادار و شارەزای جۆر و چۆنایەتی سیستمی ئیدارە، پەروەردەی مۆدێرن، مێدیا و سیاسەت بوون. له‌ ژێر کارتێکەری دین و بیری نەتەوە باڵادەستەکان زیاتر شوێنکەوتووی خەلیفە و پاشای ئەم و ئەو بوون. لە سەردەمی مۆدێرنیش‌دا توێژی خویندەوار لە ژێر ناوی سۆسیالیزم، کۆمۆنیزم، سەرمایەداری و تەنانەت رەوتی گڵۆبالیزم بە ئاسانی لە لایەن ئەوانی دیکە دەستەمۆ کراون. عەڕەبەکان، فارسەکان، تورکەکان بە تێکڕا لە دین و ئایدۆلۆژی‌یەکانی دیکە کەڵکیان وەرگرتووە و بەرهەڵێخیان بۆ دیواری لەرزۆکی ناسنامەی خۆیان هەڵچنیوە. ئەوان بە ناوی دین، رەگەز، سنووری دەستکرد و زۆر چەمکی رەنگاوڕەنگ تەنانەت کورد و زۆر نەتەوە و خەڵکی دیکەیان کۆنتڕۆڵ و دەستەمۆ کردوە. کوردەکان لەو نێوەدا لە دین و دەسەڵاتە دینی‌یەکان و هەروەها دەسەڵاتی دەوڵەتی مۆدێڕنی نەتەوە سەردەستەکان تەنیا کەلەپچە و ژێرچەپۆکیان پێ‌بەخشەرا. ئەگەرچی کەسانی وەک خانی لە نووسین و شێعرەکانیان‌دا ئاماژە بە دەردی کوردان دەکەن، بەڵام تێکڕای کورد شارەزای شوناسی خۆی نەبووە و ئاگاداری لەسەر زمان، مێژوو، کولتور، خاک و هتد وەک پێویست نەبووە.
دڕێژه‌ی هه‌یه‌…
ئه‌و وتارانه‌ی له‌ “بیروڕای ئازاد‌”دا بڵاو ده‌بنه‌وه‌، ته‌نیا ده‌ربڕی بیروڕای نووسه‌ره‌کانیانه‌
لە ژماره‌ ٦٨٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌