ئاسەواری سروشتی و نەتەوەیی ئەشکەوتی سەهۆڵان هەڵکەوتوو لە ناوچەی مهاباد، بە بۆنەی رۆژی ئەشکەوتی خاوێنەوە پاک کرایەوە.
ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەر، “کامران حسێنی”، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی مەهاباد، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەبۆنەی رۆژی ئەشکەوتی خاوێن، بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی مەهاباد و خەڵکی دەورووبەری ئەشکەوتی سەهۆڵان ئەم ئەشکەوتە گرنگەیان لە زبڵ و پیسی خاوێن کردەوە.
ناوبراو وتیشی: دروشمی ئەمساڵی” گەشتیاری جێگیر، پاراستنی جۆراوجۆری ژینگەیی ئەشکەوتەکان” بووە و ڕێوڕەسمێک لەپێناو فەرهەنگسازی ژینگەیی و روونکردنەوەی ڕای گشتی لە پاراستنی ژینگە و پاسەوانی لە ژینگە بەڕیوەچوو.
سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی مەهاباد هەروەها ڕایگەیاند: ئەم بەرنامە ژینگەییە بە مەبەستی خاوێنکردنەوی ئەشکەوتی سەهۆڵان و بە ئامادەبوونی هەندێ لە خانمانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی پارێزگا بەڕێوەچوو.
شیاوی باسە ئەشکەوتی سەهۆڵان یەکێک لە گرنگترین ئەشکەوتە ئاوییەکانی ئێرانە و بە پانتایی ٢ دۆنم وەکوو ئاسەوارێکی سروشتی و نەتەوەیی یەکێک لە چوار ناوچەکە و لە ٤٢ کیلۆمەتری شاری مەهاباد و لەسەر ڕێگای مەهاباد بۆ بۆکان هەڵکەوتووە.