رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە خۆ کاندید کردنی سەرلە نوێی ئەحمەدی نژاد لە کێبەرکێیەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران لە ساڵی داهاتوو، نارەزایەتی خۆی دەربڕی.
لەم پێوەندییەدا “مەهدی فازڵی” ، بەرپرسی پێشووی هەواڵنێری فارس ڕایگەیاند؛ چەند حەوتە لەمەوپێش لە چاوپێکەوتنی نێوانی ئەحمەدنژاد وخامنەی، ناوبراو باس لە بریاری خۆی سەبارەت بە بەشداریی کردنی لە کێبەرکێییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ساڵی داهاتوودا دەکا، بەڵام رێبەری نیزام بە ڕاشکاویی دژایەتی خۆی لەم بارەوە بە ئەحمەدی نژاد ڕادەگەینێ.
شایانی باسە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ساڵی ٨٨ هەتاوی ، ئەحمەدی نژاد بە پاڵپشتی هەمەلایەنەی خامنەیی و سپای پاسداران توانی بە ساختە کردنی دەنگەکان، بۆ جاری دووهەم ببێ بەسەرۆک کۆماری ئێران.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨ ی هەتاوی، خەڵکی زۆر لە شارەکانی ئێران هاتنە سەر شەقام و بە سەدان کەس دەسبەسەرو ئەشکەنجە کران و بە دەیان کەسیش کوژران، هەروەها میرحسێن موسەویی ومەهدی کەڕۆبی دوو کاندیدی ناڕازی لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان و دەستێوردانی لایەنە ئەمنییەکان لە ژماردنی دەنگەکاندا، هەتاکوو ئێستا لە ماڵی خۆیان بە تاوانی دژایەتیی لە گەڵ نیزام دەسبەسەرکراون.