بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بە کوردستان و کورد گەیشتوون بڕیارە پایگاگەلێکی نوێ لە بەرزاییەکانی “سورێن”ی مەریوان و “تەڕگەوەڕی” ورمێ ساز بکرێ.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کاروباری سپای پاسداران کە نەیدەویست ناوی ئاشکرا بێ، سەبارەت بە سازکردنی پایگا نوێیەکان دەڵێ: هەنووكە هێزەکانی تایبەت بە سپا لە حالی کۆکردنەوەی زانیاریی زیاتر لە سەر ناوچەکانی هاتوچووی پێشمەرگەدان و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری ساز کردنی پایگاگەلێکی نوێیان لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان دەرکردوە. سپای پاسداران لە شار و دێهاتەکانی کوردستان و بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکاندا کۆڕ و کۆبوونەوەگەلێکی جیاوازی بەڕێوە بردووە و لەو دانیشتنانەدا مامۆستایانی مزگەوتەکانیان راسپاردووە کە دەبێ خەڵک زیاتر هان بدەن بۆ ئەوەی کە یارمەتیی زۆرتری هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری زانیاریی و هەرچەشنە هاوکارییەکەوە بن. بانگەشەی خەڵک بۆ هاوکاری زیاتر لە گەڵ سپای پاسداران لە بەرچاوترین کارەکانی ئەوان لە چەند حەوتووی رابردوو دایە.
بە پێی ئەم راپۆرتە هێزەکانی سپا لە زۆربەی گوندەکانی سەر سنوور لە حاڵی ئامادەباشی تەواودان. ئەم جموجۆڵانەی سپا دەگەڕێتەوە بۆ شەڕوتێکهەڵچوونەکانی ئەم دوایانەی حدک و حدکا لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە رۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانان لە خانێ تێکهەڵچوونیک لە نێوان پێشمەرگەکانیی حدکا و سپا رووی داوە کە تا ئیستا زانیاریی زیاتر لە سەر کوژراو و بریندارەکان بڵاو نەکراوەتەوە. رۆژی پێنجشەممە ١ی خەرمانانیش ” نصیرالدین سجادی” . لە سیخوڕەکانیی سپای پاسداران لە ناوچەی هەورامان کوژرا. هەوروەها تێکهەڵچوونەکان لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستانیش وەک بۆکان، ورمێ و خانێ درێژەوی هەبووە. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاندووە کە یەکی لە پێشمەرگەکانیی ئەو حیزبە بە ناوی ” رەحیم عەبدووڵا نێژاد” کوڕی ئەبووبەکر خەڵکی گوندی ” گەرگول” شەهید کراوە. شایانی باسە لە تێکهەڵچوونەکانی نێوان سپای پاسداران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیش دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی “ئازاد ئاڵی و ئەمیر نەستانی” لە ناوچەی سەردەشت، شەهید کران.