شەهید دوکتور قاسملوو:
هیچ نێعمەتێک لە جیهاندا لە ئازادی بەنرختر نیە. ئازادی کەرامەت و “شەخسییەت” دەدا بە ئینسان و رێگە نادا بکرێ بە مۆرە.
شەهید دوکتور شەرەفکەندی:
دوکتور قاسملوو دەیهەویست خەڵکی کوردستان لە رێگای وەدەستهێنانی مافەکانیانەوە پیش هەموو شتێک هەست بە “شەخسییەت”ی ئینسانیی خۆیان بکەن.
***
هەستپێکردنی مرۆڤی کورد بە “شەخسییەت”ی ئینسانی و نەتەوەیی خۆی، بناغەی هەرە ئەساسیی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. هەر وەک لە خوێندنەوە و قسەی رێبەرانی ئەم حیزبەدا دەردەکەوێ، ئامانج لە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی “ئازادی” و “مافە نەتەوایەتییەکان”، هەمووی بۆ گەیشتن بە “شەخسییەت”ە. شەخسییەتێک کە مرۆڤی کورد تەنیا لە رێگای گەیشتن بە “ئازادی” و “دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکان”ییهوه دەتوانێ پێی بگات.
ئینسانی کورد بۆ گەیشتن بەم پلە لە سەرفرازی و هەستکردن بە سەربەستی، بە درێژایی مێژوو لە جووڵە و بزووتندا بووە و لە کۆتاییدا حیزبی دێموکرات بۆ یەکەمجار بەشێک لەم جووڵە و بزووتنانە لە چوارچێوەیەکی فکری- تەشکیلاتیدا رێک دەخات و بۆ وەدەستهێنانی کەسایەتیی مرۆڤی کورد درێژە بەم کاروانە دەدات.
***
دوکتور سادق شەرەفکەندی یەکێک لەو رێبەرانەی حیزب بووە کە نەتەنیا وەک سکرتێری ئەم حیزبە و بەتەنیا لە سەردەمی کەسی یەکهمیدا لە حیزبدا، بەڵکوو چ ئەو کاتانەی لە دەزگاکانی راگەیاندنی حیزبدا کاری کردوە و چ ئەو کاتانەی وەک جێگری رێبەری شەهید دوکتور قاسملوو، ئەرکی دیکەشی لە سەر شان بووە، هەمیشە دڵەڕاوکێ و دەغدەغەی ئەم “بوون بە شەخسییەتەی ئینسانی کورد”ی لەگەڵ خۆێدا گێڕاوە.
لە سەردەمانێکدا کە تئورییە هاوردەکانی چەپی سوننەتی و “ئۆمانیزمی بەدرۆ” خەریک بوو سێبەریان بەسەر فەزای سیاسیی ئێران و کوردستاندا دەکێشا و، دەوارە رەشەکانی مەزهەبگەرایی بەیداخیان بۆ هەڵدەدرا، ئەوە دوکتور شەرەفکەندی بوو کە شەو و رۆژی لە سەریەک دادەنا و بە خوێندنەوەی رابردووی تێکۆشانی نەتەوەکەی، بیرمەندانە و بە ئیستدلالەوە ئیدیعای چەپی کلاسیکی لە سەر بە کۆنەپەرەست زانینی “نیشتمانپەروەری” و گەلدۆستی” بەرپەرچ دەدایەوە و ئازایانە دیفاعی لە هووییەتی موبارزاتی خەڵکی کوردستان دەکرد.
ئەو باش دەیزانی کە خەڵکی کوردستان تەنیا ئەو کاتە دەتوانن وەک نەتەوەیەک ببنە خاوەن کەسایەتی و شەخسییەتی خۆیان کە بە ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانیان بگەن. هەر بۆیە راست لە سەردەمێکدا کە تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتی و هەستی نیشتمانپەروەری تەقبیح دەکرێ و بە هەوڵێکی “کۆنەپەرەستانە” ناوی دەهێندرێ، دوکتور شەرەفکەندی نامیلکەیەک لە سەر “مێژووی جووڵانەوەکانی کوردستان” چاپ و بڵاو دەکاتەوە و هاوسەنگەران و سەرجەم خەڵکی کوردستان بەرەو باوەڕبەخۆبوون و درێژەدان بە خەباتی رەوای نەتەوایەتی هان دەدات.
***
دوکتور شەرەفکەندی وەک مامۆستاکەی(دوکتور قاسملوو)، بەو دەرەجە لە رێبەری گەیشتبوو کە وەک “شەخسییەت”ێکی لێهاتوو بتوانێ رێبەریی حیزبەکە و بزووتنەوە بەدەستەوە بگرێ و لە دوورەدیمەنی ئەم خەباتەدا هەوڵ بۆ “بەشەخسییەت” کردنی میلەتەکەی بدات. کە هەمان گەیشتن بە “ئازادی” و “دەستەبەرکردنی مافە نهتهوایهتییهکان”ه.
دوکتور شەرەفکەندی زۆر باش لە نیەت و ئامانجەکانی مامۆستاکەی تێگەیشتبوو. ئەو باش دەیزانی کە هەستکردن بە شەخسییەتی ئینسانی هەروا ئاسان و بێ نرخ نیە. بۆیە زۆر جار هاوسەنگەرانی لەم ئامانج و نیەتەی شەهید دوکتور قاسملوو ئاگادار دەکردەوە و دەیگووت:
“دوکتور قاسملوو دەیهەویست خەڵکی کوردستان لە رێگای وەدەستهێنانی مافەکانیانەوە پیش هەموو شتێک هەست بە شەخسییەتی ئینسانیی خۆیان بکەن”.
دوکتور شەرەفکەندی زۆر باش دەیزانی کە هەوڵدان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە دەتوانێ لە کۆتاییدا، هەستی “بەشەخسییەت بوون” بە میلەتەکەی ببەخشێ، هەر وەک رێبەرانی پێش خۆی(پێشەوا قازی و دوکتور قاسملوو) پێش هەموو شتێک پێویستی بە رێبەرێکی خاوەن کەسایەتی و بەشەخسییەتە.
***
شەخسییەتی “رێبەر” لە کۆمەڵگهیەکەوە و بۆ کۆمەڵگهیەکی دیکە و، لە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی دیکە فەرق و جیاوازی هەیە.
لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کە لە لایەن خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە “رێبەری بزووتنەوەی میللی دێموکراتیک” ناسراوە و لە خەباتێکی توندوتیژ و لێبڕاو دایە لەگەڵ رێژیمێکی سەرکوتکەر، کەسایەتی و شەخسییەتی رێبەرانی تایبەتمەندی خۆی هەیە کە تەنیا ئاماژەدان بە ئامانج لە شەهیدکردنیان بەسە بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە.
هەر ئەوەیکە دوکتور شەرەفکەندی توانی دوای رێبەرێکی کاریزماتیک، خۆی لە رێبەریکردنی بزووتنەوەیەکی خوێناوی بەرانبەر بە دڕندەترین دەسەڵاتەکانی سەردەم بدات، سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو توانیبووی بە دەرەجەیەک لە “شەخسییەتی رێبەری” بگات و وەک رێبەرێکی خاوەن کەسایەتی و بەشەخسییەت جێی متمانەی هاوسەنگەرانی بێ.
لە خۆڕادیویی(اعتمادبەنفس)، لێبڕاوبوون(قاطع)، خاکەڕایی(مردمی)، دیپلۆمات و لە کۆتاییدا، راشکاو لە دەربڕینی بیروبۆچوون و دێموکرات، ئەو شاخس و تایبەتمەندییانەن کە توانیبوویان دوکتور شەرەفکەندی وەک رێبەرێکی بەشەخسییەت دەربخەن. رێبەرێک کە پێش هەموو شتێک باوەڕی بە هێزی حیزبەکەی و میللەتەکەی هەبوو.
شەرەفکەندی لە زمان شەهید قاسملووەوە هەمیشە روو بە هاوسەنگەرانی باسی لە باوەڕیان بە هێزی خۆیان و میللەتەکەیان دەکرد. ئەو دەیگووت:
“ئەگەر بمانهەوێ هەموو دەرسەکانی دوکتور قاسملووی نەمر لە یەک دەرسدا کورت بکەینەوە، ئەوەیە کە سەرنجی ئێمەی بۆ لای هێزی خۆمان راکێشا و تێیگەیاندین کە ئەگەر باوەڕمان بە خۆمان هەبێ، دەزانین چ هێز و توانایەکمان هەیە”.
هەر ئەم باوەڕ بەخۆبوونە لای دوکتور شەفکەندی ببووە دەستمایەکی بەهێز بۆ ئەوەی ئیدیعای سەربەخۆیی حیزبەی لە بڕیارداندا بکات. کەوابوو بەروویەکی دیکەدا شەرفکەندی وەک رێبەرێکی بەشەخسییەت، حازر نەبوو لە هیچ شەرایەتێکدا سەودا بە سەربەخۆیی حیزبەکەیەوە بکات و دەیگووت:
ئێمە سیاسەتی خۆمان بۆخۆمان دیاری دەکەین. چونکە حیزبێکی سەربەخۆین. چ چووک بین و چ گەورە، چ بەهێز بین و چ بێهێز، سیاسەتی سەربەخۆیی خۆمان بە هیچ شتێک ناگۆڕینەوە”.
***
بەشەخسییەتبوونی رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەهیدان؛ پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی کە لە کۆتاییدا لە پێناو “ئازادی” و “دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکان”ی میللەتەکەیاندا سەربەرزانە گیانیان فیدا کرد و، کەسانی دوای ئەوانیش تا ئێستا حیزبێکی بەشەخسییەت و بزووتنەوەیەکی بەشەخسییەتی لێکەوتۆتەوە کە بە دڵنیاییەوە هەر وەک خۆیان وتوویانە لە ئاکامی ئەم خەباتەدا میللەتێک هەست بە کەسایەتی و شەخسییەتی راستەقینەی خۆی دەکات.
لە ژماره ٦٨٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه