چەمکی دەسەڵات لە سێ روانگەی سەرەکییەوە پێناسە دەکرێ، روانگەی “زاتگەرا” کە دەسەڵات وەکو تواناییەک پێناسە دەکا کە هەر کەسێک دەتوانێ بە شێوەی زاتی هەیبێ بۆ ئەوەی کاریگەری بە سەر کەس یان کەسانیترەوە هەبێ. روانگەی “دوولایەنیگەری” کە دەسەڵات وەکوو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکا، واتە ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونیان هەیە، ئەو روانگەیە دوو بۆچوونی لە سەرە: “ماکس وێبێر” پێی وایە کە دەسەڵات شانسی سەرکەوتنی ئیرادەی هەندێک کەسە لە نێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، “رۆبێرت دال” دەسەڵات وەک توانایی ئەکتەری “ئەلف” دەبینێ کە دەیهەوێ کارێک بە ئەکتەری “ب” ئەنجام بدا، کارێک کە بەبێ فشار و دەستێوەردانی ئەکتەری “ئەلف” ئەنجام نەدەدرا(پەیوەندیی نابەرابەر). روانگەی سێهەمی پێناسەی دەسەڵات “دامەزراوەگەری”یە کە هەمان دەسەڵاتی دامەزراوەیی و دەوڵەتە و لە رێگای دامەزراوەی یاساییەوە دەسەڵات بە سەر تاک و گرووپەکاندا پیادە دەکرێ.
لە هەرسێ روانگەوە، دەسەڵات وەک توانای سەرکەوتنی ئیرادەی ئەکتەرێک بە سەر ئەکتەرێکیتردا سەیر دەکرێ، بەڵام ئەوەیکە کە دەبێ جیاکاری بۆ بکرێ ئەوەیە کە لە نێو هەموو جۆرەکانی دەسەڵاتدا کامیان شەرعییەتی هەیە؟
کاتێک دەسەڵات شەرعییەتی هەبێ، پێی دەگوترێ “زاڵێتی”(domination)، واتە دەسەڵاتێک کە سووژهکان قەبووڵیان کردبێ پێڕەوی لێ بکەن، جا لەوانەیە ئەو پێڕەوی کردنە بە رەزامەندی بێ یان ئیجبارێکی ناڕاستەوخۆ. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی “ماکس وێبێر”، سێ فۆڕم لە دەسەڵاتی شەرعی یان “زاڵێتی” لە کۆمەڵگهدا بوونیان هەیە: یەکەمیان دەسەڵاتی نەریتییە کە لە سەر بنەمای “کەسایەتیی پیرۆز” دامەزراوە و نەوە بە نەوە لە کۆمەڵگهدا دەگوازرێتەوە، وەکوو دەسەڵاتی پاشایەتی. دووهەمیان “دەسەڵاتی یاسایی و بە عەقڵانیکراوە” کە لە کۆمەڵگهیەکی مۆدێڕندا بوونی هەیە و لە رێگەی دەوڵەت و بیرۆکراسییەتەوە پیادە دەکرێ.
سێهەم فۆڕم لە دەسەڵاتی شەرعی، “دەسەڵاتی کاریزماتیکە” و لە سەر بنەمای سەرۆکێکی بانسروشتی ونائاسایی دامەزراوە کە خاوەنی کەسایەتیی تایبەتە. کەسێکی جادوویی و پێغەمبەرئاسا، کە بە چاوی سووژهکانییەوە بەرزتر لە مرۆڤێکی ئاسایی سەیر دەکرێ، کەسێک کە بڕوا بە مردنی ناکرێ و وەک نێردراوێک لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی دەبینرێ. دەسەڵاتی کاریزماتیک دەسەڵاتێکە کە بە تەواوی گرێدراوی هەست و سۆزە، هەروەها دوورە لەوەی کە سووژهکان لە هیچ بوارێکدا پرسیار لە سەر کواڵێتی و کەسایەتیی کاریزما دروست بکەن.
لەو شێوە دەسەڵاتەدا سەرۆک کە رۆڵی سەرکی دەگێڕێ، چەند ئەرکی لە سەر شانە، یەکەمیان: بەشدار کردنی کەسانیتر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، لە رێگەی گوتارەکانییەوە. دووهەمیان: وێنا کردنی کۆمەڵێک بایەخی دڵخواز و ئیدەی گشتییە. سێهەمیان: تەیار کردنی سووژهکانیەتی بۆ کاری بەکۆمەڵ، جیا لەو کارەی کە بە تاک ئەنجامی دەدەن.
هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی کاریزماتیک ئەوانەن:
دەسەڵاتێکی دانپێدانراوە: دەسەڵاتی کاریزماتیک لە لایەن سووژهکانی دەسەڵاتەوە دانی پێ دانراوە و بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و ئازادانە قەبووڵ کراوە، کەسی ژێردەسەڵات بە تەواوی لە سەرۆکەکەی دڵنیایە و بە تەواوی ئیمانەوە و بە شێوەی روحی خۆی دەخاتە خزمەت دەسەڵاتی سەرۆکەوە و بەردەوامیش بە وەئەستۆگرتنی ئەرکێکی پیرۆز گوێڕایەڵی خۆی بۆ سەرۆک تەئید دەکاتەوە.
دەسەڵاتێکی نادامەزراوەییە: گرووپی دەسەڵاتدار بە شێوەیەکی دامەزراوەیی و پیشەییانە هەڵنابژێردرێن، بەڵکوو زۆربەیان لە پەیوەندییەکی شەخسیدان لەگەڵ سەرۆکەکەیان و دەبێ لە کەسانی خوارووتریش دڵنیا بن. سەلاحییەتی کەسەکان بۆ گەیشتن بە پۆستەکانیان پەیوەندی بە رادەی نزیکی لە کەسانی سەرەوە بە تایبەت سەرۆکەوە هەیە. هەر بۆیەش سووژهکان یان کەسانی ژێردەسەڵات بۆ ئەوەی دڵنیایی سەرووترەکانیان وەدەست بێنن بە تەواوی گوێڕایەڵیان دەبن و هەر ئەرکێک دەگرنە ئەستۆ کە پێیان بسپێردرێ. دەسەڵات بە شێوەی زنجیرەیی نیە بەڵکوو بە شێوەی هێشووییە. لەم شێوە دەسەڵاتە کەسەکان بۆ دەسکەوتی مادی ناچنە ژێر دەسەڵات یان نێو دەسەڵاتەوە بەڵکوو تەنیا سۆز و عاتیفە و خۆشەویستی سەرۆکە و ئەو وادە و بەڵێنەیە کە سەرۆک پێی داون. هەر ئەوەشە کە هەموویانی لێک گرێداوە و خستوونیەتە خزمەت سەرۆکەوە. دەسەڵاتی کاریزماتیک بە تەواوی دژی دەسەڵاتی دامەزراوەیی و هەر دەسەڵاتێکە کە یاسا و رێساکان حاکم بن.
هێزێکی تەواو ئینقلابییە: دەسەڵاتی کاریزماتیک لە مێژوودا هەمیشە وەک هێزێکی شۆڕشی و ئینقلابیی سوننەتی بووە. بە پێچەوانەی ئەو هێزە شۆڕشیانەی کە بە شێوەی عەقڵانی ویستوویانە شۆڕش بکەن بۆ دەربازکردنی کۆمەڵگە لە داب و نەریتە دواکەوتووەکان، دەسەڵاتی کاریزماتیک هەوڵی ئەوە دەدا کۆمەڵگه لە گۆڕانکاری بپارێزێ و لە داب و نەریتە کۆنەکانیدا بیهێڵێتەوە.
وەک کەوانە یان پەڕانتێزه لە مێژوودا: دەسەڵاتی کاریزماتیک، لە نێو رەوتی مێژوودا بە خێرایی لە شوێنێک دروست دەبێ و بە خێراییش ون دەبێ، چونکە بە تەواوەتی گرێدراوی سەرۆکە، لە ئەگەری نەمانی سەرۆک، ئەو دەسەڵاتەش بەرەو نەمان دەچێ. هەر بۆیە وەک ئەوە وایە کە لە نێو مێژوودا دوو کەوانەی بۆ بکرێنەوە و پاش ماوەیەک دابخرێنەوە. بە پێچەوانەی دوو فۆڕمەکەیتری دەسەڵاتی شەرعی، دەسەڵاتی کاریزماتیک دەسەڵاتێکی درێژماوە نیە. لە دەسەڵاتی نەریتی و پاشایەتیدا دوای نەمانی پاشا، دەسەڵات دەگوازرێتەوە بۆ جێنشینەکەی و میراتگرەکەی، لە دەسەڵاتی دامەزراوەیی و دەوڵەتیشدا دەسەڵات هەر لە جێی خۆیدا دەمێنێتەوە و تەنیا کەسەکانی نێو دەسەڵات ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرێ.
کۆتایی دەسەڵاتی کاریزماتیک چلۆنە و بە چ ئاراستەیەکەوە دەڕوا؟
دەسەڵاتی کاریزماتیک شەرعییەتەکەی تەنیا گرێدراوی یەک کەسە و دەسەڵاتێکی لەرزۆکە، چونکە مانەوەی ئەو دەسەڵاتە پەیوەندی بەو وادە و بەڵێنانە هەیە کە سەرۆک بە سووژەکانی داوە. سەرۆک دەبێ بەردەوام سووژهکانی بە قەناعەت بگەیەنێ و بەردەوام دڵنیاییان پێ بداتەوە، لە ئەنجامی هەڵەیەکی سەرۆک یان کاتێک کە ئیتر ئیدەکانی سەرۆک لەگەڵ واقعییەتی کۆمەڵگهدا ناگونجێن، ئەو دەسەڵاتە بە خێرایی لە نێو دەچێ. ئەگەریش بە تەواوەتی لە نێو نەچێ، لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی شەرعی دەچێتە دەرەوە و خۆی دەگوازێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر.
لە ژماره ٦٨٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه