“سروشت ده‌یویست سۆزی قه‌ندیل بدا به سازی زمزیران و سروودێکی نه‌بیسراوی کۆنهبهفران بدا به هاوینی که‌ڵوێ و هێزی بازوو بداته‌وه به مه‌یدانی ململانه‌ی مهیدانچۆخه. له باڵنده و له زریان و ئاسکه‌کێوی، له رووبار و له شه‌ماڵ و له پێشمه‌رگه ویستی یه‌کیان هه‌ڵبژێرێ و په‌یامی خۆی پێ راسپێرێ. پێش وه‌ی ته‌ته‌ر هه‌ڵبژێرێ، باڵنده‌یه‌کی پێشمه‌رگه ئه‌شقی قه‌ندیلی بۆ زمزیران برد و گه‌ڕایه‌وه. له بێده‌نگی و ده‌سته‌وه‌ستانیی سروشتدا قه‌ندیل وتی: هۆ برووسکه، هه‌نگاوه‌کانت سروودن، چاوه‌کانت وره و هیوا. ده‌سته‌کانت خۆڕاگری و په‌نجه‌کانت دارستانن. تۆ ببه به قه‌ندیل و من ده‌بم به‌پێشمه‌رگه.” (چەکۆ باران)
“کاکه چکۆله”ی هاوده‌می سه‌ماوه‌ر و پسپۆڕی چا لێنان و دایم گوێ به‌زه‌نگ بۆ خزمه‌تی پێشمه‌رگه و میوانی پێشمه‌رگه، دواتر بوو به شاسواری مه‌یدانێک که خۆلێدانی کاری هه‌موو که‌س نه‌بوو. بۆ یه‌ک ساڵ، دڵی “کاکهچکۆله” ده‌گه‌ڵ قوڵته‌ی ئاوی سه‌ماوه‌ر، بۆ به‌شداری له شه‌ڕی دژی داکیرکهردا ده‌کوڵی وحهجمینی نه‌بوو. یه‌ک ساڵ چاوه‌ڕێ مانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ئه‌وینی خۆی به‌خاک و نیشتمان نیشان بدا و وره‌ی خۆی له مه‌یدانی کاره‌ساتدا تاقی بکاته‌وه. هه‌ر بۆیه کاتێک ده‌ستی پێ کرد وه‌ک با خوشی و هه‌ڵۆئاسا فڕی. قادر مه‌کڵاوه‌یی له راستیدا ریشه‌ی دارێک بوو که هه‌رده‌م به قووڵایی خاکا رۆده‌چوو. خۆری هه‌تاوێک بوو خۆ ئاوابوونی نه‌بوو. رێژنه‌ی بارانێک بوو که له به‌هاری قهتنهبڕاوه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، هه‌ر بۆیه جاربه‌جار به‌گوڕتر ده‌بوو. ئه‌و لووتکه‌ی شاخێک بوو هه‌تا ده‌هات خۆی له هه‌وران نزیکتر ده‌کرده‌وه. خوڕه‌ی جۆبارێک بوو که له به‌فراوی کوێستانه سه‌رکه‌شه‌کان سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. ئه‌و رێبوارێک بوو بێ هه‌دادان، دڵدارێک بوو زۆر به‌په‌یمان، پێشمه‌رگه‌یه‌ک بوو هه‌تا بڵێی به‌ئیمان. ئه‌و قاره‌مانێک بوو له ریزی قاره‌مانان.
“له‌وه‌تی وه‌بیرم دێ ناوی پێشمه‌رگه‌م بیستوه. ناوی پێشمه‌رگه شتێک نیه بۆ من نائاشنا بێ. شه‌هید “دوکتۆر که‌ریم” هه‌ر خه‌ڵکی دێیه‌که‌ی خۆمان بوو که به‌شداری خه‌باتی ساڵه‌کانی ٤٦-٤٧ بوو. ئه‌وکات گوندی مه سه‌ره‌رێی هاتوچۆی پێشمه‌رگه بوو. زۆرجار ده‌مان دیتن و قسه‌مان ده‌گه‌ڵ ده‌کردن…”. قادر قادری که وه‌ک زۆربه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌کانی سه‌رده‌شت و ره‌به‌ت نازناوی گونده‌که‌ی خۆی “مهکڵاوا”ی وه‌رگرتوه و به قادر مه‌کڵاوه‌یی به ناوبانگه، له وه‌ها شوێنێک و له نێو دنیای ئۆگریی به پیشمه‌رگه و خه‌باتی پێشمه‌رگه‌دا فامی کردۆتەوە و پێی ناوه‌ته دنیای پڕ له کاره‌ساتی ژیان. هه‌ر له‌منداڵییه‌وه له زوڵم بێزار بووه و له هه‌ر رێگایه‌که‌وه بۆی کراوه دژی راوه‌ستاوه. له‌به‌ر ئه‌شکه‌نجه‌ی بێبه‌زه‌ییانه‌ی منداڵێکی قوتابخانه‌ی گونده‌که‌یان له لایه‌ن “سپاه دانش”ه‌وه له خوێندن بێزار بووه و رووی ده قوتابخانه نه‌کردوه. دیاره کوڕێک که هه‌ر له منداڵییه‌وه ناوی پێشمه‌رگه‌ی بیستوه و زوڵمی مامۆستای ته‌حه‌ممول نه‌کردوه، که گه‌وره بوو بێگومان چاوکراوه و نه‌ترس ده‌بێ. “کاکه چکۆله”ش هه‌رکه ده‌خۆی رادیوه و هه‌ستی کردوه بۆ ئه‌و مه‌یدانی پر له سه‌روه‌رییه ده‌بێ، رانه‌وه‌ستاوه و خۆی تێکردوه. هێشتا تازه‌لاوێک بووه که له کۆبوونه‌وه‌ی کادری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا به‌شداری کردوه که هه‌روه‌ک بۆ خۆی ده‌ڵێ: “ده‌هاتن تۆوی شۆڕ‌شیان داده‌چاند”. دواتر به‌وه رازی نابێ وخه‌ونی هه‌ڵگرتنی چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌بینێ. هه‌ر بۆیه خۆی ده‌گه‌یه‌نێته بنکه‌ی پێشمه‌رگه و داوای چه‌ک ده‌کا. له بنکه چه‌کی نادرێتێ و داوای لێ ده‌کرێ بگه‌ڕێته‌وه چونکه زۆر منداڵه هه‌ر سه‌رپه‌ل ده‌ڵێ برۆوه و قادر ده‌ڵێ نا، هه‌تا خۆی به‌سه‌ر داده‌بڕێ و به ئاواتی خۆی ده‌گا. له‌و کاته‌وه له‌په‌نای سه‌ماوه‌ر داده‌ندرێ که راست به قه‌را خۆی بووه. کار و پیشه‌ی “کاکه چکۆله” ساز کردنی چا بۆ پێشمه‌رگه و میوان و ئاگاداری کردن له بنکه ده‌بێ. هه‌مووی ئه‌وانه ده‌کا ته‌نیا به‌و ئاواته رۆژێک وه‌ک باقی پێشمه‌رگه‌کان چه‌کی شه‌ڕه‌ف بکرێته شانی و خۆی له ریزی مافپارێزانی نه‌ته‌وه‌که‌یدا ببینێ.
قادر مه‌کڵاوه‌ی له‌و ساڵانه ده‌دوێ که دوژمن هێرشی دێنا و پێشمه‌رگه له سه‌نگه‌ری به‌رگریدا راده‌وه‌ستا. باسه‌کانی مه‌کڵاوه‌یی کوردانه، سادقانه و لێزانانه‌ن. هه‌ر وشه‌یه‌ک به کاری دێنێ، ده‌زانێ ده‌ڵێ چی و به چ مه‌به‌ستێک باسی ده‌کا. ئه‌و باسی تیکۆشه‌رانی مه‌یدانی خه‌باتم بۆ ده‌کا. دانه به دانه، له‌سه‌ر هه‌ر کامیان بڕێک راده‌وه‌ستێ و بۆ هه‌ر کامه‌یان سفه‌تێکی پڕ له شانازی باس ده‌کا. ئه‌و له‌و هه‌موو شه‌هیده ده‌دوێ که هاوسه‌نگه‌ری بوون و بە رۆیشتنیان داخیان له‌سه‌ر دڵی داناوه. کاک قادر رووداوه‌کان چۆن بوون ئاوا ده‌گێڕیته‌وه و به گێرانه‌وه‌یان ده‌رگای مێژوویه‌کی پڕاوپڕ له فرمێسک و خوێن، دارماڵ له هه‌ڵکشان و داکشان، لێواولێو له سه‌ربه‌رزی و شانازی، لیپاولیپ له شادی و پێکه‌نینمان به روودا ده‌کاته‌وه.
قادر مه‌کڵاوه‌یی، تێکۆشه‌ری ماندوویینه‌ناس، به ته‌مه‌نی که‌م، به‌بێ ئامووزش، بێسه‌واد و بێئهزموون، خۆی به نێو دنیای پڕ له کاره‌ساتی پێشمه‌رگه‌دا کرد و هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌گه‌ڵی رۆیشت. ماندوو ده‌بوو به‌ڵام کۆڵی نه‌ده‌دا. سه‌ره‌نگرێ ده‌بوو که‌چی زوو راست ده‌بۆوه. دهگهمارۆ ده‌که‌وت به‌ڵام وره‌ی له ده‌ست نه‌ده‌دا. بریندار ده‌بوو به‌و حاله‌ش سه‌نگه‌ری چۆل نه‌ده‌کرد. بۆ رێی دوور و پڕ له مه‌ترسی به‌ڕێ ده‌کرا که‌چی خۆی لێ لانه‌ده‌دا. هه‌ر بۆیه ورده‌ورده بوو به جێباوه‌ڕی هاوسه‌نگه‌ر و به‌رپرسانی و بۆ راپه‌ڕاندنی کاری قورس و پڕمه‌ترسی روویان تێکرد.
ژیانی خه‌باتکارانه‌ی قادر مه‌کڵاوه‌یی له هاوده‌میی سهماوهرهکهڕا ده‌ستی پێ کرد و هه‌تا به‌رپرسایه‌تیی ته‌شکیلاتیی نێوشاری ره‌به‌ت درێژه‌ی کێشا. به‌گشتی له ساڵی ١٣٥٩ی هه‌تاویدا دستی پێ‌کرد و ساڵی ١٣٧٥ وازی له خه‌باتی ته‌واوکات هێنا و نه‌زمیکی دیکه‌ی دا به ژیانی. له‌و ماوه دوور و درێژه‌ی خه‌بات و تێکۆشانی نهپساوهیدا ئه‌م به‌رپرسایه‌تییانه‌ی هه‌بوون:
هه‌تا ساڵی ١٣٦٣ وه‌ک پێشمه‌رگه‌ی هێزی زمزیران پاسه‌وانی خاکی پیرۆزی کوردستان بووه.
ساڵه‌کانی ٦٣ هه‌تا ٦٧ وه‌ک فه‌رمانده‌ری په‌ل له هه‌مان هێز ماوه‌ته‌وه.
ساڵه‌کانی ٦٨ هه‌تا ٧٠ فه‌رمانده‌ری لکێک له پیشمه‌رگه‌کانی پێ سپێردراوه.
ساڵی ٧١ به‌رپرسی ته‌شکیلاتیی نێو شاری ره‌به‌ت بووه.
ساڵی ٧٢ ئه‌ندامی کۆمیته شارستان و فه‌رمانده‌ری لک بووه.
ساڵی ٧٣ و ٧٤ ئه‌ندامی کۆمیته شارستان و به‌رپرسی ناوچه‌ی “مه‌یدان چۆغه” بووه.
ساڵی 75 دیسان کراوه‌ته‌وه به‌رپرسی نێو شاری ره‌به‌ت. هه‌مان ساڵ داوای لێ کراوه ببێته فه‌رمانده‌ری هێزی دووی رێبه‌ندان له ناوچه‌کانی سه‌قز که قبووڵی نه‌کردوه و هه‌ر ئه‌و ساڵه چه‌کی شه‌ڕه‌فی ماچ کردوه و ته‌حویلی داوه‌ته‌وه.
تێکۆشه‌ر مه‌کڵاوه‌یی له ماوه‌ی 16 ساڵ خه‌باتی نه‌پچڕاوه و لێبڕاوانه‌ی خۆیدا نیشانی دا ئاشقی نیشتمانه‌که‌یه‌تی، فیداکاری خه‌باته‌که‌یه‌تی، رێره‌وی رێبازه‌که‌یه‌تی و دڵسۆزی حیزبه‌که‌یه‌تی. ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ری خست توانای کاری گه‌وره و ئیستیعدادی فێربوونی زۆری هه‌یه. له‌خۆڕا نه‌بوو مه‌کڵاوه‌یی بوو به خۆشه‌ویستی خه‌ڵک و هاوسه‌نگه‌رانی، بوو به جێ متمانه‌ی فه‌رمانده و به‌رپرسانی و هه‌روه‌ها بوو به چقڵی چاوی دوژمنانی. له هه‌موو ئه‌و ماوه سه‌ختانه‌ی خه‌باتدا “کاکه چکۆله”ی مامۆستا مه‌لا ساڵه تیژ وه‌ک با، به‌رزه‌فڕ وه‌ک هه‌ڵۆ، له‌سه‌ر هه‌ست وه‌ک ئاسک، هه‌ڵمه‌تبه‌ر وه‌ک پڵینگ، خه‌مخۆر وه‌ک ره‌فیق، دڵسۆز وه‌ک دایک، چاونه‌ترس و جه‌سوور و شۆڕشگیڕ وه‌ک پێشمه‌رگه، له خزمه‌ت ئامانجه پیرۆزه‌کانی گه‌له‌که‌یدا بووه و ئه‌وه‌ی له ده‌ستی هاتووه دریغی نه‌کردوه. چوارجار له‌شی به گولله‌ی چه‌کی دوژمن دابێژراوه و تووشی ئازار و جه‌زره‌به‌ی زۆر هاتوه. ته‌نانه‌ت جارێکیان که به مه‌به‌ستی زه‌ماوه‌ند ده‌گه‌ڵ دڵدار ده‌یه‌وێ روو بکاته‌وه ناوچه، تووشی شه‌ڕێکی قورس ده‌بێ و له جیاتی وه‌ده‌ست هێنانی دڵدار له‌شی سه‌رتاپا زامداری ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه نه‌خۆشخانه. به‌ڕاستی ئاشقێک له‌وه زیاتر ده‌توانی چی بدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وینی خۆی بسه‌لمێنێ؟ مه‌گه‌ر گیاندان بتوانێ ئەو ئەوینە بسەلمێنێ که مه‌کڵاوه‌یی و مهکڵاوهیییهکان موخلیسانه ئاماده بوون فیدای بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر بوونی پێشمه‌رگه مانای هه‌ڵوێسته و هه‌ڵوێستیش مانا به خه‌بات ده‌به‌خشێ و خه‌باتیش به‌رده‌وام بوونمان مسۆگه‌ر ده‌کا، که‌وابوو با رێز له قادر مه‌کڵاوه‌یی بگرین که وشیارانه هه‌ڵوێستی گرتوه، زانایانه خه‌باتی درێژه داوه و ئازایانه‌ش پێشمه‌رگایه‌تی کردوه. سه‌رکه‌وتن بۆ تێکۆشه‌ر کاک قادر قادری(مه‌کڵاوه‌یی) و به‌رده‌وامیی بۆ خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان.
لە ژماره ٦٨٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه