۱۷ی سێپتامبری۱۹۹۲ی زایینی لە رۆژژمێری رۆژهەڵاتی کوردستاندا، وەک رۆژێکی رەش و گەلێک ناخۆش دێتە ئەژمار. لەو رۆژەدا لە رێستورانی میکونوسی شاری برلین، جینایەتێکی ترسناک بە دەستوور و بە دەستی تێرۆریستان و پیاوکوژانی کۆماری پەت و سێدارە رووی دا و لە ئەنجامی پیلانێکی لە پێشدا ئامادە کراو زەبرێکی قورسیان لە جووڵانەوەی کورد، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا.
دوکتور سادقی شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات، فەتاحی عەبدولی و هومایونی ئەردەڵان ئەندامانی سەرکردایەتی و نووری دێهکوردی لە دۆستانی حیزب بوونە قوربانی ئەو جینایەتە سامناکە.
رووداوی میکونوس بوو بە هۆی هەرچی زیاتر ریسوا بوون و تەریککەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێوخۆ و بە تایبەت لە ئاستی نێونەتەوەییدا.
کێشەی میکونوس بۆ ماوەی پتر لە ٤ ساڵ لە لایەک بوو بە جێی مشتومڕ و مەیدانی وتووێژ و دانوستاندنی دوو دەوڵەتی ئێران و ئاڵمان و لە لایەکیتر بوو بە هۆی وەجموجۆڵ کەوتنی بیروڕای گشتی و مرۆڤی ئازادیخواز بۆ پێشگیری لە ساتوسەودا و خەوشدارکردنی پرۆسەی دادگا و لێکۆلینەوە لە چۆنێتی رووداوەکە.
سەرئەنجام رۆژی ۱۰ی ئاوریلی ۱۹۹۷ی زایینی دوایین کۆبوونەوەی دادگای ئاڵمان بوێرانە و راشکاوانە بەرێوەبەرانی سیاسی و ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە بەرزترین پلە و پایەدا سەبارەت بە بەشداریی راستەوخۆ لەو جینایەتەدا، مەحکووم و بریاری کۆتاییان لە سەر دان و بە فەرمی وەک دەوڵەتێکی تێرۆریست و جینایەتکار بە دنیا ناسرا.
دوکتور شەرەفکەندی کەسێکی لێهاتوو و سیاسیکارێکی کارکوشتە و بەئەزموون بوو. ناوبراو توانی لە ماوەیەکی کەمدا، بۆشایی نەبوونی دوکتور قاسملوو پڕ بکاتەوە. گەرچی لە قۆناخێکی زۆر هەستیاری نێوخۆیی و دەرەکیدا ، بەرپرسیارییەتێکی قورسی کەوتە سەر شان، بەڵام بە روحێکی ئازایانە و هزرێکی عاقڵانە هەنگاوی تیژی بەرەو زاڵبوون بە سەر ئاڵۆزی و قەیرانەکاندا داویشت.
یەکێک لەو کێشە و ئاڵۆزییانەی کە بەرۆکی جووڵانەوەی کوردی گرتبوو و ئێستاش بەری نەداوە ناتەبایی و نایەکگرتوویی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانە. دوکتور سادق بە تەمابوو هەنگاوی جیدی بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە باوێژێ. تەنانەت لە پێوەندی لەگەڵ رێکخستنی ئوپۆزیسیونی پڕشوبڵاوی ئێرانیشدا، پلان و بەرنامەی بۆ رێکخستنیان لە دەوری بەرەیەکی یەکگرتوودا، هەبوو.
لە پێوەندی بە کوردی رۆژهەڵات، بە تایبەت لە دیاسپۆرادا، هەموو هەوڵی ئەوە بوو لە حیزب نزیکیان کاتەوە و تواناکانیان لە پێناو کوردستان و داهاتووی کورددا وەگەڕ خا.
لە کاتی سەردانی بۆ ئاڵمان، داوای دیداری لەگەڵ کوردەکانی رۆژهەڵات کرد. بە تایبەت ئەوانەی وەختی خۆی لەگەڵ حیزبی توودە و چریکە فییداییەکان و پێرەوانی کۆنگرەی چوار بوون .
ئەو رۆژانە چاوم بە ئارشیوی گۆڤاری “هاوار”دا خشاند. لە ژمارە ۱۷ی ساڵی ۲۰۰٥ی زایینی وتووێژێکم لەگەڵ رەوان شاد غەنی بلوریان کردوە.
مامە غەنی ئاماژە بە دیداری خۆی و دوکتور شەرەفکەندی دەکات و دەڵێ: ” ساڵی ۱۹۹۲ی زایینی رۆژێک خەبەریان دامێ کە بەرێز کاک سادقی شەرەفکەندی هاتۆتە ئاڵمان و لە نووسینگەی کۆمکارە و داوای منی کردوە. چوومە لای و بە خۆشییەوە یەکترمان وەرگرت. پاش وتوێژێکی دۆستانە وتی”دەزانیت کە ئێمە لە باروودۆخێکدا دەژین کە ناتوانین بە راشکاوی هەڵوێست بەرانبەر بە هێندێک مەسەلەی پێوەندیدار بە چارەنووسی نەتەوەکەمانەوە بگرین. ئێوە دەتوانن چالاکیی سیاسی بنوێنن، کە وابوو ئێوە لەگەڵ برادەرانتان رێگایەک بدۆزنەوە و ئێمەش بە هەموو تواناوە یارمەتیتان دەدەین”. لە سەر زۆر بابەتی دیکە قسەمان کرد و لێک جیا بووینەوە، بە داخێکی گرانەوە دوکتور شەرەفکەندیش لە تەک هاوڕێیانی کەوتنە داوی تێرۆریستانی کۆماری ئێسلامی”.
مەبەست لە هێنانەگۆڕی ئەو باسە، ئەوەیە کە دوکتور شەرەفکەندی بە تێگەیشتن و پێگەشتنێکی لۆژیکی و بەرپرسانە و بە هەستکردن بە پێداویستییەکانی ئەوکاتی جووڵانەوەکە، هەنگاوی هەڵدێناوە و دەێزانی دەبێت بە تەفاهوم و یەکگرتوویی بە گژ دوژمنێکی دڕندەی وەک کۆماری سێدارەدا بچی.
لەو یاد کردنەوەدا هیوادارم سەرکردایەتی و بەرێوەبەرانی حیزب و رێکخراوە و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردوستان بە وەلانانی کێشە لاوەکییەکان، بیری ئەساسی لە داهاتوو و چارەنووسی نەتەوە پرشوبڵاو و نیشتمانی داگیرکراو بکەنەوە و بەرژەوەندیی گشتی فیدای مەسڵەحەتی شەخسی و حیزبی نهکهن.
یادی دوکتور شەرەفەکەندی و هاوڕێیانی هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە.