بەپێی ئاماری بانكی جیهانی هەموو ساڵێ زیاتر لە ٣٠٠ هەزار كەس لە ئێران دەڕۆن و لە پێناو ژیانێکی باشتردا وڵاتی خۆیان بەجێ دێڵن، بەڵام ئامارەکانی ساڵی پێشوو دەڵێن ئەو حەشیمەتە خۆی لە ٥٢٠ هەزار كەس داوە.
کۆچی خەڵک لە ئێران بە تایبەت لاوان ئێستا دیاردەیەکی زەق لە ڕۆژەڤی ئێرانە و ئامارەكانی ڕێكخراوی سەبت و ئەحواڵی ئێرانیش دەڵێن لە سەرجەم نزیك بە ٤ تا ٥ میلیۆن ئێرانی لە وڵاتانی دەرەوەدا دەژین.
لەولاش جەواد قەوام شەهیدی، سكرتێری شورای بەرزی كاروباری ئێرانیان لە دەرەوەی وڵات بە ڕۆژنامەی “فەرهیختەگان”ی ڕاگەیاندوە نزیك بە سەدی ٧ی حەشیمەتی ئێران یانی نزیك بە ٤ تا ٦ میلیۆن ئێران لە دەرەوەی وڵات دەژین.
درێژەدان بە خوێندن یەكیك لەو هۆكارانەیە كە زۆربەی خەڵكی ئێران رەکێشی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات دەکا، بەڵام زۆربەی كارناسان لەسەر ئەم بڕوایەن كە هۆكاری سەرەكیی كۆچ لە ئێران، ناڕەزایەتیی كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییە.
سەعید سۆهراب پوور، جێگرەوەی بنیادی میللی بژاردەكان لە ئێرانیش وێڕای تەئیدكردنی شەپۆلی نوێی ڕاكردنی بژاردەكان لە ئێران گوتی لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا سەدی ٤٠ براوەكانی میداڵی زێڕی ئۆلەمپیادی خوێندكاری و قوتابییان ئێران بەجێ دێڵن و ڕوو لە وڵاتانی ئامریكا و كانادا دەكەن.
ئامارەكانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەری دەخەن كە ئێران لە نێو ٩١ وڵاتی جیهاندا لە پلەی یەكەمی ڕاكردنی مێشكەكان و بژاردەكاندا جێی گرتوە، ئەم مەسەلەیە بە مانای چوونەدەرێ و بەفیڕۆچوونی ساڵانە ٥٠ میلیارد دۆلار بۆ وڵاتی ئێرانە.