بە هۆی نەبوونی ئیمكانات و پشتگوێخرانی ئاواییەكانی سەربە شاری سەڵماس لە لایەن دەوڵەتەوە، گوندنشینەکان ڕوو لە شار دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ لە كوردستان بە هۆی نەبوونی ئیمكاناتی سەرەتایی ژیان لە ئاواییەكانی وەك “ئستورە”ی سەڵماس خەڵك ناچار بوون ماڵ و مووچە و مەزراكانیان بەجێ بێلن و ڕوو لە شارەكان بكەن.
نەبوونی ئاوی خواردنەوەی خاوێن، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی كۆچكردنی ئەم خەڵكە لە ئاواییەكانەوە بۆ شار بووە. لە لایەكی دیكە هیچ كەس ئامادە نەبووە خانووەكانیان لێ بكڕێ تا بە پووڵەکەی لە جێیەكی دی خانوویەكی دیكە بكڕنەوە و ئەمەش بە شێوەیەك پەرە بە هەژاریی ئەو خەڵکە دەدا.
شایانی باسە كە حەشیمەتی ئەم ئاواییە بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٨٥ زیاتر لە ٥٨٣ كەس و ١٠٤ بنەماڵە بوون. ئەم ئامارە لە سەرژمێریی ساڵی ٩٠ بۆ ٣٠٤ كەس و ٥٤ بنەماڵە كەم بۆتەوە و تا ساڵی ٩٥بۆ ئاستێكی كەمتر دابەزیوە. هۆكاری سەرەكیی کۆچی لاوانی ئەم ئاواییەش زیاتر بێكاری و نەبوونی ئیمكاناتی ژیان بووە. دێهیاری ئەم ئاواییەش دەڵێ کاتێک کە تەنانەت ڕێگاوبانێک بۆ هاتوچۆی خەڵک نەبێ، ئەو خەڵکە بۆچی دەبێ لەوێ بمێننەوە.
شایانی باسە کۆچی خەڵک لە گوندەکان بۆ پەراوێزی شارە گەورەکانی ورمێ وایکردوە کە دیاردەی قەراغنشینی لە تەنیشت شارەکان سەر هەڵبدا، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئەو گەڕەکانەی پەراوێزی شار کەمترین ئیمکاناتی پێراگەیشتنی ژیانیان بۆ دابین نەکراوە.