بەرپرسانی بەشی هونەریی پارێزگای کرماشان دەڵێن شاری دوو میلیۆن کەسی کرماشان ناکرێ تەنیا یەک سینەمای هەبێ، بەڵام بەو حاڵەش نایشارنەوە کە سینەما پیروزیی ئەو شارە لە ئێستادا تەنیا کەلاوەیەکە.
عەباس سەروەری، بەرپرسی حەوزەی هونەریی پارێزگای کرماشان دەڵێ یەکێک لە پێوەرەکانی گەشەی هەر وڵاتێک سینەمایە، بەڵام سینەما پیرزیی کرماشان کە زیاتر لە ٦٠ ساڵی تەمەنە، ئێستا تەنیا کەلاوەیەکی لێ ماوەتەوە.
ئەو دەڵێ بۆ چاککردنەوەی ئەو سینەمایە چاویان لە دەستی کاربەدەستانی دەوڵەتە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە چاککردنەوە و وەکارکەوتنەوەی سینەما پیروزیی کرماشان لە نێوان ١٠ تا ١٢ میلیارد تمەنی پێویستە.
عەباس سەروەری سەبارەت بە داخرانی ئەو سینەمایە داوای لێبوردنی لە خەڵکی کرماشان کردوە، بەڵام لە درێژەدا دەڵێ کە حەوزەی هونەری هیچ پووڵ و بودجەیەکی نییە کە بتوانێ ئەو سینەمایە وەگەڕ بخاتەوە.
شایانی باسە ئەو دۆخە هەر تایبەی بە کرماشان نییە و لە نێوان ١٩ سینەمای پارێزگای ورمێش ١٤ سینەمایان داخراون.
کاربەدەستانی هونەریی پارێزگای ورمێ هەروەها دەڵێن ئەو سینەمایانەیش کە بە تەواوەی دانەخراون، بە ناچاری و بە شێوەی نیوە وەخت کاردەکەن.
خۆ بە بەرپرسیار نەزانینی کاربەدەستانی ئێران لە هەمبەر کێشەی سینەماکانی کوردستان بۆتە هۆی داخستنی سینەماکان و نالەباری بارودۆخیان کە ناتوانن وەڵامدەری ویستی لایەنگرانی فیلم لە کوردستان بن.