بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج داوای مەرەخەسیی محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لەو زیندانەیان ڕەت کردەوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە ەبندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی ئەو زیندانەدا بەند کراوە، نەخۆشیی دڵی هەیە و دیسکی کەمەری گرتوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادگای مەهاباد ڕەزایەتی لەسەر نییە، بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان نانێردرێ.
بارودۆخی خراپی سڵامەتیی محەممەد نەزەری دوای ٢٢ ساڵ مانەوە لە زیندان لە حاڵێک دایە کە ئەو لەو ماوەیەدا لە هەرچەشنە مافی مەرەخەسییەکیش بێبەش بووە.
محەممەد نەزەری، لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٠ ساڵی ١٣٧٣ لە شاری بۆکان بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گیرا و لە دادگای ورمێ بە بڕیاری قازی جەلیلزادە، سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا. ئەو حوکمە ساڵی ٧٨ ی هەتاوی بۆ زیندانی ئەبەد گۆڕدرا.
ئەو بەندییە سیاسییە لە ماوەی ئەو ٢٢ ساڵەدا چەند جار نامەی بۆ هاشمی شاهرووسی، محەممەد یەزدی و سادق لاریجانی، سێ سەرۆکی دەزگای قەزایی ناردوە و داوای پێداچوونەوە بە پەروەندەکەیدا کردوە، بەڵام لەلایەن هیچ کام لەوانەوە وەڵامی وەرنەگرتەوە.