وتەبێژی ڕێکخراوی ئەتومیی ئێران دەڵێ سەرۆک کۆماری ئێران بڕیاری داوە سەرچاوی ماڵی بۆ دروستکردنی دوو بنکەی ئەتومیی دیکە دابین بکرێ.
بێهرووز کەماڵوەندی گوتی دروستکردنی ئەو دوو بنکە ئەتومییە ١٠ میلیارد دۆلاری تێدەچێ و دەبێ ساڵێ یەک میلیارد دۆلاری بۆ وەلابنرێ و لە ساڵەکانی سێهەم و چوارەمدا زیاتر دەبێ.
کەماڵوەندی گوتی بەهۆی ڕێککەوتنی ئەتومی کەشێکی نێونەتەوەیی تا ڕادەیەک ئارام دروست بووە و ئێمە ئەو دەرفەتە بۆ پەرەپێدان بە پڕۆژە ئەتومییەکانمان دەقۆزینەوە.
وتەبێژی ڕێکخراوی ئەتومیی ئێران دەڵێ ئێمە لە ئێستادا پڕۆتۆکۆلی هاوپێچی وزەی ئەتومیمان لە ئاژانسدا ئیمزا کردوە و دەبێ لە ئیمتیازەکانی ئەو گرێبەستەش قازانج بکەین.
ئەو قسانەی کەماڵوەند لە حاڵێک دایە کە هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپرێس ماوەیەک لەوە پێش بەڵگەنامەیەکی گرینگی ڕێککەوتننامەی ئەتومیی ئێران لە گەڵ وڵاتانی ١+٥ ی ئاشکرا کرد کە باس لە ئاسانکاری بۆ پڕۆژە ئەتومییەکانی ئێران دەکا. بەپێی ئەو ئاسانکارییە لە ١٠ ساڵی داهاتووی دوای ڕێککەوتنەکەدا ئیمکاناتی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتومی دوو هیندەی جاران خێراتر دەبێ.
ئاسۆشیتێدپرێس دەڵێ ئەو بەڵگەنامەیە هاوپێچی نهێنیی ڕێککەوتنەکەی ساڵی پێشووی ئێران و شەش زلهێزەکەی جیهانە و بەپێی ئەوە دوای ١١ تا ١٣ ساڵ لە ڕێککەوتنەکە ئێران دەتوانێ زیاتر لە ٥٠٠٠ سانترفیوژی ناکارامەی خۆی لەگەڵ ٣٥٠٠ سانترفیوژی مۆدێرنیی نوێ بگۆرێتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا ئەو ئاکامگیرییە کراوە کە بەهۆی ئەوەی کارایی دەزگا نوێینەکان پێنج هیندەی ئەوانەی پێشوویە، ئەو کاتەی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتومی دەیهەوێ لە یەک ساڵڕا بۆ شەش مانگ لە کەمی دەدا.