كۆڵبەرێكی دیكەی كورد لە لایەن هێزی ئینتزامیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ورمێ كوژرا و چەند كەسی دیكەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ لە كوردستان، سەرلە بەیانیی ڕۆژی ڕابردوو لە بەرزاییەكانی چیای داڵانپەڕی مەرگەوەڕ، كەسێك بە ناوی لەزگین شەعبانی، خێزاندار و باوكی و٣منداڵ درا بەر دەسترێژ و گیانی لێ ئەستێندرا.
کوشتنی ئەو کاسبکارە لە حاڵێک دایە کە هێزە ئینتزامیەکانی ڕێژیم ڕۆژی پێشتر لە نێوان سۆمای برادۆست و سەڵماسیش تەقەیان لە كۆمەڵێك كاسبكاری كورد كردبوو و لە ئاكامدا كەسێكیان بە ناوی مەجید فاڕووقی لە نزیك هەشتیان بە توندی بریندار كردبوو.
تەقەكردن لە كاسبكارانی كورد لە حاڵێك دایە كە هەر بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان ساڵانە زیاتر لە ٣٠ میلیارد دۆلار كاڵای قاچاخ بەڕەسمی لە بەندەر، فڕۆكەخانە و سنوورە قانونییەکانی دیكەی ئێران هاوردەی ئێران دەكرێ، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆڵبەرانی كورد کە بە هۆی نەبوونی هەلی كار و بە هۆی هەژاری و لە ڕووی ناچاری بۆ بژێوی ژیانیان، پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژ.