ئابووریناسانی ئێران دەڵێ سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی كرێكارانە.
حوسێن ڕاغفەر مامۆستای ئابووریی زانكۆی ئەلزەهرا، سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتی ڕوحانیی بە درێژەی سیاسەتی ٢٥ ساڵی ڕابردوو زانیوە و دەڵێ، بە گشتی داهاتوویەكی ڕوونی ئابووریمان نییە.
ناوبراو دەوڵەت بە بەرپرسی سەرەكیی ئەم قەیرانە ئابوورییە دەزانێ و دەڵێ هەژاری و نابەرابەری لە ئێران بەرهەمی پێكهاتەی ئابووری و كەموكۆڕیی بنچینەیی ئەم وڵاتەیە.
حوسێن ڕاغفەر پێكهاتەی ئابووریی ئێرانی بە سیستەمێکی دژە وەبەرهێنان زانی و گوتی سیستمی بانكی هەمیشە لە خزمەت سفتەبازی، سەودا و تیجارەتی زەویدا بووە و کاری وەبەرهێنانیان نەکردوە.
ئەم مامۆستایەی زانكۆ سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی بۆ كۆمەڵگە زیانبار دەزانێ و لە درێژەدا دەڵێ دەوڵەت بەردەوام و بەتوندی تەپڵی كەرتی تایبەت لێدەدا.
بە قسەی حوسێن ڕاغفەر كەسانێك كە بریار دەدەن و تەپڵی كەرتی تایبەت لێدەدەن، بۆخۆیان بەرژەوەندییان لە سیستمی تایبەتی و نادەوڵەتی دایە.
ناوبراو بێ ئەوەی كە ناوی كەس بێنێ گوتی، وەزیرێك كە ئەركی پاراستنی بەرژەوەندیی خەڵكی لە ئەستۆیە، بۆ خۆی بۆنگای لە كەرتی تایبەتدا هەیە.
حوسێن ڕاغفەر دەڵی زۆر سروشتییە كە ئەم كەسانە هیچكات قانوونێك پەسند نەكەن كە زیان لە بەرژەوەندیی خۆیان بدا.
ئەم ئابووریناسە وێڕای ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ئاماری ئیعتیاد، خەمۆكی و خۆكوژیی كرێكاران گوتی كرێكارێك كە كاری نییە یان شوغڵەكەی لەدەست دا یان نیگەرانی لەدەستدانی شوغڵەكەی بوو، بە ئاسانی ناتوانێ كاردانەوە لە خۆی نیشان بدا و بەدواداچوونی مافەکانی بکا.
بە قسەی ئەم مامۆستایەی زانكۆ، ئەم بارودۆخە بۆتەی هۆی ئەوەی كە ناڕەزایەتیی سێنفیی كرێكاران ڕێکخراو و یەكگرتوو نەبێ و یان خۆ خواردنەوەیە یان بە شێوەی كوێرەناڕەزایەتییەک خۆی دەردەخا.