کورتە فیلمی هونەرمەندی لاوی کرماشان گەیشتە فستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی تۆرێنتۆی کانادا.
فستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی تۆرێنتۆ لە ڕۆژی ٢٠ ی خەرمانانەوە دەست پێدەکا و ڕۆژی ٢٧ی خەرمانان بە ناساندنی سەرکەوتووەکان کۆتایی بە کارەکانی خۆی دێنێ.
ئیرەج ئەفکار، دەرهێنەری لاوی کوردی خەڵکی کرماشان کە بە کورتە فیلمی ” کۆلارە” لەو فستیڤاڵەدا بەشدارە، دەڵێ کۆلارە باس لەمنداڵێک دەکا کە لە سەربانی ماڵی خۆیان کۆلارە وەحەوا دەخا کە لە پڕ دەبینی چەند کەسێک دەیانەوێ کچە جیرانەکەیان لە دار بدەن؛ ئەویش بە پەلە کۆلارەکەی فڕێ دەدا و دەچێتە ماڵی جیرانەکەیان و بە سەر کارێکی فیلمەرداریدا دەکەوێ.
ئەفکار دەڵێ کۆلارە نوێنگەی هەموو ئاواتەکانی منداڵێکە کە بێ چرکەیەک دوودڵی و ڕاوەستان لە پێناو رزگارکردنی هاوڕەگەزەکەی بە بای دەسپیرێ و بە هانایەوە دەچێ.
شایانی باسە ئیرەج ئەفکار پێشتریش چەند کورتە فیلمی بەرهەم هێناوە کە بەشێکیان بریتین لە: دیارییەک بۆ ڕۆژی لەدایکبوون، سبەینێ ڕۆژێکی دیکەیەوە و ڕاپۆرتی نیگەرانییەک.