ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەپێی پیلانێکی چەپەڵ لە ژێر ناوی ” دڵدانەوەی بنەماڵەی کوژراوەکانی سەردەمی شەڕ” سەردانی بنەماڵە شەهیدکانی حیزبی دێموکڕات دەکەن و هەوڵ دەدەن سەرنجیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد لە هەوڵێکی دیکەدا کەسانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە بانە سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیان کردوە و لەگەڵ خۆیان چەند قوتو شیرینی و سیدییەک لە چەواشەکاریی شەڕی کوردستانیان بۆ بردوون و وێڕای دڵدانەوەیان داوایان لێکردوون ئەو بیرەوەرییانە لە بیرکەن و پشت لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و روو لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن.
ئەندامانی بنەماڵە شەهیدکانی حیزبی دێموکڕات لە هەموو ئەو سەردان و کۆبوونەوانەدا ڕایانگەیاندوە کە کوڕ و رۆڵەکانی ئێمە بە ناحەق لە سەر خاک و نیشتمانی خۆیان شەهید کراون و ئێمە ناتوانین لە خوێنیان خۆش بین و شەرمەزاریان بین.
شایانی باسە ئەوە تەرحێکی گشتییە لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێ و بەپێی داننانی کەسێکی نێو ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە شاری بانە، هیچ کام لەو هەوڵانەی رێژیم بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بنەماڵەی شەهیدانی حیزب سەرکەوتوو نەبوون و بە قەولی خۆیان خێریان بۆ رێژیم نەداوەتەوە.