بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی كاڵای قاچاخ، لە سنووری سەڵماس كۆڵبەرێكی دیکەی كورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزی ئینتزامی بریندار كرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ لە كوردستان هێزە ئینتزامیەکانی ڕێژیم لە نێوان سۆمای برادۆست و سەڵماس تەقەیان لە كۆمەڵێك كاسبكاری كورد كرد و لە ئاكامدا كەسێك بە ناوی مەجید فاڕووقی لە نزیك هەشتیان بە توندی بریندار كرا.
ناوبراو ئێستا لە نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ورمێ لە بارودۆخێكی خراپ لە ژێر چاودێریی پزیشكی دایە.
پێویست بە ئاماژەیە كە ساڵانە لە ناوچە سنوورەكانی كوردستان تەقینەوەی مین، تەقەی هێزەكانی ڕێژیم و هەروەها ڕووداوە سروشتییەکانی وەك سەرما و ڕنۆ دەبنە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس.
هەروەها تەقەكردن لە كاسبكارانی كورد لە حاڵێك دایە كە هەر بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان ساڵانە زیاتر لە ٣٠ میلیارد دۆلار كاڵای قاچاخ بەڕەسمی لە بەندەر، فڕۆكەخانە و سنوورە قانونییەکانی دیكەی ئێران هاوردەی ئێران دەكرێ، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆڵبەرانی كورد کە بە هۆی نەبوونی هەلی كار و بە هۆی هەژاری و لە ڕووی ناچاری بۆ بژێوی ژیانیان، پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژ.