هێندێك لە كرێكارانی شارەداریی شاری سەراولەی سەر بەچەرداوڵی ئیلام، چەند مانگ زیاترە مووچەیان نەدراوەتێ و ژیانیان زۆر بە سەختی و ناڕەحەتی تێپەڕ دەبێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ لە كوردستان، دواكەوتنی مووچەی كرێكارانی شارەداریی سەراو زیاتر لە ٩ مانگی کێشاوە و و هێندێك لەم كرێكارانە کە زیاتر لە چەند مانگیان قەرز لەسەر شارەداری هەیە، چاوەڕوانی مووچەی یەك مانگی خۆیانن تا برێکی پێ ببووژێنەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەم كرێكارانە لە ترسی ئەوەی لە كارەكانیان دەرنەكرێن سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەڵام ناوێرن ناڕەزایەتی دەرببڕن.
یەكێك لە كرێكارانەی شارەداریی سەراولە كە نەیویست ناوەکەی ئاشكرا بكرێ دەڵێ، بەهۆی دواكەوتنی مووچەی كرێكارانی شارەداریی ئەم شارە هەموومان تووشی قەیرانی ماڵی هاتووین، بەڵام بەداخەوە هیچ كەس نایە بە هانامانەوە.
یەكێكی دیكە لەو كرێكارانەی شارەداری دەڵێ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا تاقە تمەنێکمان نەدراوەتێ، ئاخۆ كاربەدەستانی ئەم شارە ئامادەن تەنیا یەك مانگ مووچەكانیان دوا بكەوێ تا وەکوو ئێمە لە بەرامبەر كەمترین داوای بنەماڵەكانمان شەرمەزار بن.