جێگری كۆمەڵایەتی و پێشگیری لە ڕوودانی تاوانی دەزگای قەزایی ئێران دەڵێ، سزای ئێعدامكردنی قاچاخغچییەکانی مادەی هۆشبەر تا ئێستاشی لەگەڵ بێ كاریگەریی لەسەر دیاردەی قاچاغ دانەناوە. بە قسەی ناوبراو ئەم كەسانەش كە ئێعدام دەكرێن قاچاغچییە ڕاستەقینەکان نین و ئەوان لە پشت پەردەوەن و خۆیان دەرناخەن.
قسەکانی جێگری كۆمەڵایەتی و پێشگیری لە ڕوودانی تاوانی دەزگای قەزایی ئێران لەو بارەوە لە حاڵێک دایە کە ڕۆژی شەممە ١٢ بەندكراو كە بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەسبەسەر كرابوون لە زیندانی كەرەجدا ئێعدام كران.
بەقسەی ئەم كاربەدەستەی دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم كەسانەی ئێعدام دەكرێن قاچاغچیی ئەسڵی نین، لەبەر ئەوەی كە قاچاغچیی سەرەكی هیچ كات نایە بۆ خۆی بار بگوازێتەوە ، بۆیە بارە قاچاغەکەی بە تێچوویەكی كەم بە خەڵکانێکی هەژار دەگوازێتەوە کە دوایە ئەوە ئەوانن لە دار دەدرێن.
ئێران لە ئاستی جیهاندا زۆرترین ئێعدامی تێدا جێبەجێ دەکرێ و بە قسەی کاربەدەستانی دەزگای قەزایی زۆربەی ئەم بەندكراوانەی ئێعدام دەكرێن بە شێوەیەك پێوەندییان بە مادەی هۆشبەرەوە هەبووە.
بە بڕوای جێگری دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای بەندكرانی درێژماوە لەگەڵ كاری سەخت و ئاستەم لە چاو ئێعدامكردن دەتوانێ کاریگەریی زیاتر دابنێ.