بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ كاتێك كە ئێران گەمارۆی نێودەوڵەتیی لەسەر بوو سەدی ١٠ پووڵی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە چین و سەدی ١٧ی پووڵی نەوتی فرۆشتراو بە كۆرەی باشوور چووەتە گیرفانی كەسانێکی نەناسراو.
بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە عەسەلویە، ڕایگەیاند لەم ساڵانەی كە ئێران گەماڕۆی نێودەوڵەتیی لەسەر بوو بە میلیارد دۆلار پوڵی نەوتی ئەم وڵاتە خورا.
زەنگەنە وێڕای ئاماژە بە چەند نموونەیەك گوتی، لە كورەی باشوور پوڵی نەوتی ئێمە سەدی ١٧ی و لە وڵاتی چینیش سەدی ١٠ کەمتر درا، بە شێوەیەك لە هەر یەك میلیارد دۆلار، ئێمە ٩٠٠ میلیۆن دۆلارمان وەردەگرت و ١٠٠ هەزار دۆلاری نەدەهاتەوە جێ.
ناوبراو گوتی ئێمە تا ئێستاش نەمانزانیوە كە ئەم هەموو پوڵە لە گیرفانی چ كەسانێك کراوە، بەڵام ئەوە خەڵكی ئێرانن کە ئەم تێچوویەیان بۆ داوە.
زەنگە بە ئاماژە بە هەڵڵای مووچەی نجوومیی هێندێك لە كاربەدەستان و بەڕێوەبەرانی دەوڵەت گوتی، مووچەی نەگونجاوی٤٠ میلیۆن تمەنی هیندێک کەس بۆ خەڵك سەیر و سەمەرەیە و خەڵك لەمە تێدەگا، لە حاڵێكدا كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بە میلیارد دۆلار پووڵی ئەو خەڵکە خورا و لە ڕاستیدا ئەوە نجوومی بووە نە ئەم حقووقەی کەم کەسێک وەریان دەگرت و لێیان بڕا.