تا ئێستا ٧٦٨ کارگە و یەکەی سەنعەتی و کشتوکاڵ له پارێزگای كرماشان کە لەکار وه‌ستاون، یان خەریکە دادەخرێن؛ بۆ بەردەوامیی کار و وه‌رگرتنی یارمه‌تی له ده‌وڵه‌ت ناونووسی‌یان کردوە.
ڕه‌زا ڕه‌حیمی، جێگری پارێزگاری كرماشان وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه گوتی، له‌م ٧٦٨ کارگە و یەکە بەرهەمهێنەرە ته‌نیا کێشەی ٤٧١ دانه‌یان ته‌ئیید كراوه و بۆ بانكەکان نێردراون. لهوەندەش ته‌نیا ٢٥٩ یه‌كه‌یان له لایه‌ن بانكهکانەوه بۆ یارمەتیدان وه‌رگیراون.
كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی ده‌ڵێن ٧٠٠ میلیارد تمه‌ن بۆ وەکارخستنەوەی پڕۆژە ڕاگیراوەکانی ئابووری لە پارێزگای کرماشان لە بەشی سه‌فه‌ری خامنه‌یی بۆ ئەو پارێزگایە تەرخان كراوه، هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی یه‌كه داخراو و نیوه داخراوه‌كانیش وه‌خۆ كه‌وتوون و چاوه‌ڕێی یارمه‌تیی ده‌وڵه‌تن.
پێش ئه‌مه‌ش خوسره‌و شه‌هبازی، سه‌رۆكی ڕێكخراوی جه‌هادی كه‌شاوه‌رزیی پارێزگای كرماشان ڕایگەیاندبوو کە ٤٨٦ یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وه‌ستاو و نیوهوهستاو له‌م پارێزگایه‌دا هه‌یه وئه‌م یه‌كانه به‌گشتی به هۆی کەوتنە بن قەرز و بێ بازاڕی داخراون.
یاروڵڵا نه‌سیری، سه‌رۆكی ڕێكخراوی پیشه‌سازی، سامان وبازرگانیی پارێزگای ئیلام‌یش گوتبووی كه ٤٣٨ یه‌كه‌ی پیشه‌سازیی بچووک له‌م پارێزگایه‌دا داخراون.
كاربه‌ده‌ستانی پارێزگای ورمێ‌ش هه‌روه‌ها باسیان له داخرانی ٥٨٠ گه‌ڵاڵه و یه‌كه‌ی وه‌ستاوی پیشه‌سازی و كه‌شاوه‌رزی له‌م پارێزگایه‌دا كردوە.