محەممەد عەلی خۆشمێرزادە، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و یەکێک لە دڵسۆزانی حیزب لە ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد.
محەممەد عەلی خۆشمێرزادە کە لە ناوچەی مەرگەوەڕەوە هاتبوو و لە شنۆ نیشتەجێ ببوو، دوای دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکڕات لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٨ ەوە چەکی پێشمەرگایەتیی هەڵگرت و لە هێزی سمکۆدا ئەرکی پێشمەرگایەتی و خزمەت بە نەتەوەکەی بەڕێوەبرد.
ئەو لە ساڵەکانی ١٣٥٨ و ١٣٥٩دا هەم لە شەڕ و تێکهەڵچوون و بواری نیزامیدا وەک پێشمەرگەیەکی بەوەج خۆی نیشان دا و هەم وەک پێشمەرگەی پارێزەر لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی دڵسۆزانە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکرد.
کاک محەممەد عەلی ساڵی ١٣٦٠ بەهۆی بارودۆخی بنەماڵە و ئەرکی سەرپەرستی کردنیان و لەسەر ڕەزامەندیی کۆمیتەی شارستانی شنۆ، چەکی پێشمەرگایەتی دانا؛ بەڵام لە دڵسۆزی بەرامبەر بە حیزبی دێموکڕات و نەتەوە و نیشتمانەکەی هەر بەردەوام بوو. بەهۆی شانازیکردن بە ڕابردووی پێشمەرگایەتی و خۆشەویستیی حیزبی دێموکرات، محەممەد عەلی خۆشەویستیی خەڵک بوو و ڕێزی تایبەتیان لێ دەگرت.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی محەممەد عەلی خۆشمێرزادە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەرێزەکەی و کەسوکار و خزمان و خەڵکی شنۆ و مەرگەوەڕ دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.