کۆڕی فێرکاری و فەرهەنگیی ئەدەب لە شاری بۆکان بە تەواوکردنی خولێکی دیکەی فێربوونی زمانی کوردی بڕوانامەی بە بەشدارانی ئەو دەورەیە بەخشی.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە دۆینێ چوارشەممە، ٣ی خەرمانان بۆ رێزگرتن لە بەشداریی ئەو کەسانە لە کۆرسێکی زمانی کوردیدا پێکهاتبوو، کۆمەڵێک چالاکیی ئەدەبیی دیکەش پێشکێش کران.
لەو کۆرەدا سەرەتا مستەفا ئیلخانیزادە، بەرپرسی کۆڕی فێرکاری و فەرهەنگیی ئەدەب لە شاری بۆکان وتارێکی لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی ئەو ناوەندە ئەدەبی و فێرکارییە پێشکێش کرد و لە بڕگەکانی دیکەی بەرنامەکەدا خالید عەسگەری، سەعدوڵڵا مەجیدی، مستەفا پولادرەک، لاولاو بەهرامبەگی، زیبا کەرامەت، ئامینە چاک، منیرە فەیزە و حسێن گوڵۆڵانی شێعریان خوێندەوە و ، سووسەن حەسەنزادە، یەکێک لە مامۆستایانی کۆرسەکە باسێکی لە زمانی زگماکی و گرینگیی خوێندن بە زمانی دایکی کرد.
ئەو کۆڕە ئەدەبییە بە چەند بڕگەی هونەریی حەیران و سەربەند لەلایەن ڕەحمان فەیزی و عەلی فروتەن درێژەی پێدرا و لە کۆتاییدا بروانامەی کۆتایی ئەو خولە بە بەشدارانی دەورەکە درا.