مەجلیسی ئێران بە گۆڕینی بەشێك لە قانوونی بوودجەی ساڵی ٩٥ دەنگی بە نەمانی كارتی سووتەمەنیی بێنزین دا.
نوینەرانی مەجلیس ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانان لە کارکردن لەسەر لایەحەی چاکسازی لە قانوونی بوودجەی ساڵی ٩٥دا، پێشنیاری دەوڵەتیان بۆ نەهێشتنی کارتی بێنزینی هەموو جۆرە ماشێن و ماتۆڕێك پەسند کرد. بە پەسندکردنی ئەو قانوونە دەوڵەت کە ملی بۆ دوو نرخەكردنی بێنزین ڕانەدەكێشا، ئێستا دەتوانێ بە یەکجاری كارتی سووتەمەنییەکان کۆ بکاتەوە.
بڕیاری لابرانی كارتی سووتەمەنی، یەكێك لە گرینگترین پەسندكراوەكانی مەجلیسی نوێیە كە بڕیارێکە لە بەرامبەر بڕیاری مەجلیسی پێشوو و سیاسەتەكانی دەوڵەتی پێشوودا.
وەزارەتی نەوتی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی لەسەر ئەم باوەڕەیە كە دوو نرخەبوونی بێنزین و بەكارهێنانی كارتی سووتەمەنی بوار بۆ گەندەڵی خۆش دەکرا و بەو بڕیارە پێشێ پێ دەگرێ.