هەواڵدەریی ئیلنا دەڵێ لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا لەگەڵ ونبوونی دەکەلە نەوتییەکان سێ پاپۆڕی نەوتهەڵگریش بە بارەوە ون بوون و ئێستاش چارەنووسیان ناڕوونە.
هەواڵدەریی کاری ئێران دەڵێ لە دەوڵەتی ئەحمەدینژاددا و لە کاتی گەمارۆکاندا ٨ پاپۆڕی نەوتهەڵگری ئێران بە بێ ئیمزاكرانی هیچ گرێبەستێكی حقووقی بە كەسێكی خەڵكی وڵاتی یونان درابوون و ناوبراو هەر٨ نەوتهەڵگرەکەی لە ناوچەی جوغرافیایی ئاوەكانی ئێران دوور خستەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بە كۆتایی هاتنی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد و هاتنەسەر كار دەوڵەتی نوێ، پاش لابرانی بەرپرسانی پێوەندیدار بەم لادانە دەوڵەت توانی ٥ پاپۆڕیان بۆ ئێران بێنێتەوە، بەڵام ٣ پاپۆڕە نەوتهەڵگرەکەی دیكە ئێستاشی لەگەڵ بێ کەس بە سۆراغیان نازانێ.
ئیلنا دەڵێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچونەکان دەری خستوون کە ئەم ٣ پاپۆڕە نەوتهەڵگرە لە لایەن ئەو کەسە یونانییەوە فرۆشتراون و بەوەش بڕی زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن دۆلار لە سەرمایەی میللی بە ئاودا درا و کەس نازانێ پووڵەکەی چۆتە گیرفانی کێ؟
شایانی باسە بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتەی ئیلنا لە کاتێک دایە کە هەر دۆینێ ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئیران باسی لە دزییەکی ٣٠ میلیۆن دۆلاریی تیمی ئەحمەدینژاد کردبوو کە تازە لێیان لە هەڵلا دراوە.