سەرگوردێکی هێزە ئینتیزامییەکانی بانە لە ئاکامی تەقەی چەند چەکدارێکی نەناسراو کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستان و کورد ڕۆژی سێشەممە، ٢ی خەرمانان ماشێنێکی هێزە ئینتیزامییەکان کە چوار کەسی تێدا بووە، لە پشتی بڵەسەنی بانە درایە بەر دەستڕێژی چەند چەکداری نەناسراو.
لەو رووداوەدا هەموو سەرنشینەکانی ئەو ماشێنە بریندار دەبن و بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێنەوە، بەڵام دواتر سەرگورد بەهائەدین محەممەدی، یەک لەو کەسانە بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لە دەست دا.
سەرگورد بەهائەدین محەممەدی، خەڵکی سنە یەک لەو فەرماندانەی هێزە ئینتیزامییەکان بوو کە خەڵکی ناوچە لە دەستی وەزاڵە هاتبوون. ئەو کە فەرماندەی بازاڕچەی ماڵەدۆم بوو، فشارێکی یەکجار زۆری خستبووە سەر کاسبکارانی ئەو سنوورە .
شایانی باسە کە تا ئێستا هیچ لایەنێک بەپرسایەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ نەگرتوە.