باوکی پیر و بەساڵاچووی ئیرەج محەممەدی، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی تەورێز لەلایەن بەرپرسانی دادئەستێنیی تەورێزەوە لێی درا و سووکایەتیی پێکرا.
ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەرمانان باوکی ئیرەج محەممەدی کە ماوەی ١٠ ڕۆژ بێ بێسەروشوێن کرابوو، بۆ بەدواداچوون بۆ باس و خەبەری کوڕەکەی سەردانی دادئەستێنیی تەورێزی کرد، بەڵام بە بڕیاری سەید موحسین قوڕەیشی لێی دراوە و سووکایەتیی پێکراوە.
باوکی ئیرەج محەممەدی دەڵێ هەر ئەوەندەی گوتم کە هەتا بە خەبەری ئیرەج نەزانم لێرە ناڕۆم، ئیدی قوڕەیشی ئەمری بە سەربازەکان کرد کە بە شەق بمکەنە دەرێ و بۆ خۆشی بەر پێلەقەی دام و لە دادئەستێنی دەریان کردم، بە هۆی ئەوەش کە زۆر بە توندی و بە گەلەکۆمەکی لێیان دام، کەوتوومەتە نەخۆشخانە.
قوڕەیشی، جێگری دادئەستێنیی تەورێز پێشتریش کاتێ سەردانی زیندانی تەورێزی کردبوو، بەهۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی حەمەدەمین ئاگوشی و ئیرەج محەممەدی بە بارودۆخی خۆیان لە زیندان، بڕیاری دا کە هەموو مەرەخەسی و ملاقات و پێوەندییە تەلەفونییەکانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە هەڵوەشێننەوە و هەر بە بڕیاری ئەو کاربەدەستەی دەزگای قەزایی ئەو دوو زیندانییە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ خرانە سللولی ئینفڕادی.
ئیرەج محەممەدی مانگی بانەمەڕی ساڵی ٨٨ لەگەڵ محەممەدئەمین ئاگوشیو ئەحمەد پۆڵادخانی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ هەرێمی كوردستان دەسبەسەر كرانو لە خاكەلێوەی ساڵی ٩١دا هەركام سزای ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیریو دوورخرانەوەیان بەسەردا سەپاندن.
ئیرەج محەممەدیو محەممەدئەمین ئاگوشی لە خاكەلێوەی ئەمساڵدا لە زیندانی زاهیدانەوە بۆ زیندانی تەورێز گواسترانەوە.