ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئێران باسی لە گەندەڵییەکی دیکەی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد کردوە و دەڵێ لە ئاسمان ٣٠ میلیۆن دۆلار ون بوو.
ئیسحاق جەهانگیری بێ ئەوەی ناوی کەسێک یان رێکەوتێکی تایبەت بێنێ، گوتی: لە کاتی گەمارۆکاندا چەند کەسێک چوون لە وڵاتە بیانییەکان پووڵ بێننەوە. لە بانکی ناوەندیی ئەوێ ١٣٠ میلیۆن دۆلاریان پێدان و سواری فڕۆکە بوون، بەڵام کە دابەزین ١٠٠ میلیۆن دۆلاریان بە بانکی ناوەندی دا. کاتێکیش کە دەپرسین ئەو ٣٠ میلیۆن دۆلاری چیی لێهاتووە، دەڵێن نازانین، دەبێ ون بووبێ.
ئیسحاق جەهانگیری کە سەردانی قەزوینی کردوە، گوتی ئەو ٣٠ میلیون دۆلارە ئێستاش هەر ونە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی خەڵک دڵگران نەبن زۆر شت هەیە ئاشکرای ناکەین، بەڵام نایشارینەوە کە گەندەڵی لە وڵاتدا ڕەگی داکوتاوە و سیستماتیک دەکرێ.
جێگری حەسەن ڕوحانی لە قسەکانیدا جارێکی دیکە پەروەندەی بابەک زەنجانیی هەڵدایەوە و گوتی چۆن دەکرێ بە سازان و بنباڵدان ٢ میلیارد و ٧٠٠ میلیون دۆلار پووڵی نەوت هەڵگری و دوایەش بە درۆ بڵێی بانکەکەم گەمارۆی خراوەتە سەر و پووڵەکەی بدزی. جەهانگیری گوتی ئەو بانکەی بابەک زەنجانی باسی دەکا، بانکێکی کاغەزی و دروستکراوی خەیاڵە و خۆ دەبێ ئەو کەسانە بێن بڵێن کە چۆن ئەو هەمووە پووڵەیان داوەتە دەستی زەنجانی؟ بەڵام هیچ کام لەوان لەو بارەوە وەڵامدەر نییە.