دوکتور قاسملوو ئه‌و مرۆڤه ئازادیخوازه‌و تێکۆشه‌ره‌ی کورد له ته‌مه‌نی لاوەتیهوه ئاوێتەی سیاسه‌ت ده‌بێ و یه‌که‌م ویستگه‌ی ژیانی سیاسی له نێو حیزبی توودە ده‌ست پێده‌کات. ئه‌و ئاوێته‌بوونه‌ی قاسملوو به سیاسه‌ت گەر به هۆی بارودۆخی ئه‌و کاتی ئیران بێت (یا) به هۆی پێکهاته‌ی بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه( یا) خود به هۆی خوێندن له قوتابخانه و هاوپیوهندی له گه‌ل هاوپۆله ئازه‌ریه‌کانی بێت، سه‌رچاوه‌ی له ده‌رک و شعوری ئه‌و ئینسانە گرتووە وەگهڕکهوتنی ژیانی سیاسیی ناوبراو تا کاتی شه‌هیدبوونی ناوه‌ستێت.
کاک دوکتور باش ئاشنابوونی به سیاسه‌ته‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و به په‌یوه‌ندیکردن به تێکوشه‌رانی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌می حیزب، ویستگه‌ی ژیانی سیاسی دێنێته‌وه نێو بزاڤی میللی دێموکراتیکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به رێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هه‌ر زۆر زوو به هۆی هه‌ڵسووڕان و تێکۆشانی ده‌بێت به ئه‌ندامی چالاک و هەڵسووڕو دیار له نێو حیزب‌دا.
دوکتور قاسملوو ئینسانێکی بیرتیژ و ستراتیژزانێکی به‌هێز بوو بۆ ئه‌و سه‌رده‌می که سه‌رو %90 خه‌ڵک نه‌خۆێنده‌وار بوون، خه‌ڵک به گشتی وه‌رزێر بوو، سیستمی عه‌شیره‌یی هه‌بوو ئاغا و دەرەبهگ رۆڵی ئه‌ساسیان ده‌گێڕا، له‌م بارودۆخه سه‌قه‌ته‌دا پرسیاری زۆری له مێشکی دا موتوربە ده‌بن که بێ وه‌ڵامن. بۆیه ده‌ست به خۆیندنەوەی سۆسیۆلۆژی، ئابووری، سیاسی کۆمه‌ڵگاکه‌ی ده‌کات و له کۆتایدا به‌و قه‌ناعه‌ته ده‌گات که هۆکاری هه‌ر هه‌موو ئه‌م نه‌هامه‌تیانه سیستمی به‌رێوبه‌ری وڵاته(پاشایەتی).
کاک دوکتور ئیسانێکی زمان‌زان، سیاسه‌تڤان، دیپلۆماتکارێکی باشی سه‌رده‌می خۆی بوو. به تایبه‌ت له نێو جوڵانه‌وه‌کانی سه‌رده‌می خۆی به سه‌رکرده‌یەکی خاوه‌ن بڕیاری واقعبینانه ده‌ناسرا. پاش گیران و ئاشکرا بوونی تێکۆشه‌رانی حدک له سه‌رده‌می پاشایەتیداو، هه‌ڵوه‌شانی رێکخسته‌کانی حیزب و به نهینی کارکردنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی مابوونه‌وه، کاک دوکتور له‌سه‌ر بڕیاری بنه‌ماڵه‌که‌ی دهنێردرێتە ده‌روه‌ی وڵات بۆ درێژه‌پێدان به خۆێندن، به‌ڵام له‌وێیش له تێکۆشان ناوه‌ستێت؛ کتێبی بیرمه‌ندانی وه‌ک لاک، هابز، مۆنتسکیۆ و زۆریتر ده‌خوێنێته‌وه و ده‌رسیان لێ وه‌رده‌گرێت تاکو بتوانێ له‌و ئاراسته فکریه‌ی ئه‌وان پێشکه‌شیان کردوە ژیانێکی نۆی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌رهه‌م بێنێت. پاش وەرگرتنی دوکتۆراکه‌ی، ده‌ست ده‌کات به وانه وتنه‌وه‌ی له زانکۆکانی ئورووپا‌و له‌و سه‌رده‌مەدا کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌ی”کوردستان و کورد” دەنووسێت. مانه‌وه‌و وانه‌گوتنه‌وه‌ی له زانکۆکانی ئورووپا‌و خۆپێگه‌یاندنی له بواری هزری رۆشنبیرییه‌وه پۆختهتری ده‌کات بۆ بوون به قاره‌مانێکی وه‌ک نێلسۆن ماندێلا و مهاتما گاندی و چێگوارا له پێناو نه‌ته‌وه‌که‌ی دا.
تا ئه‌و کاته‌ی شۆڕشی گه‌لانی ئیران دژی رێژیمی حه‌مه‌ره‌زا شاه ده‌ست پێ ده‌کا و کاک دوکتور به په‌له خۆی دهگهیەنێتهوه ناو بازنه نهێنییه‌کانی حیزبی دێموکرات تاکو تاکتیک و ستراتیژیکی باش و واقعبینانە بۆ بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان دابڕێژن و گه‌لی کوردیش به مافە رەواکانی بگات. بۆیه هه‌ر زۆر زوو شۆعاری”دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” ی هه‌ڵگرت. چوون کاک دوکتور باش ده‌یزانی تاکوو ئیران وڵاتێکی دێموکراتیک نه‌بێ، خود موختاری له کوردستان پیاده ناکرێت، بۆیه پاش رووخانی رێژیمی پادشایه‌تی له کاتی دانووستاندن داوا ره‌واکانی گه‌لی کوردیان بۆ ده‌خاته روو،به‌ڵام بەڕێوەبەرانی رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو تا ئه‌و کاته‌ی ئاشیان به باشی نه‌ده‌گه‌ڕا، دژایه‌تیان له دژی مافهراوهکانی گه‌لی کورد ده‌رنه‌بڕی و بۆ کاتبه‌فیڕۆدان و کاتکڕین هه‌نگاوبه‌هه‌نگاو له گه‌ڵ داخوازییه‌کانی کورد به بێ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕیان پێی هه‌بێ ده‌ڕۆشتنه پێش.
کورد و حیزبی دیموکرات باوه‌ڕیان به خه‌باتی ئاشتیخوازانه له نێو خۆی ئیران‌دا هه‌بووه و تا ئێستایش هه‌ێه، بۆیه له یه‌که‌م هه‌لبژاردنی مه‌جلیسی خوبره‌کان د. قاسملوو خۆی پاڵاوت، ده‌نگی پێویستی هێنا به‌ڵام کاتێک له پیلانگێڕیه‌که‌ی خومه‌ینی و رێژیمه‌که‌ی تێگه‌یشت و نه‌چوو، خومینی (پیاوی ناخ ره‌ش و دڵ پر له قینه‌که‌ی دژی کورد) سه‌باره‌ت به دوکتور قاسملوو ده‌لێت: “ای کاش می‌آمد”. ئه‌م وته قیزه‌ونه، سه‌رچاوه‌ی گرتوو له ناسینی باشی کاک دوکتور لای خومه‌ینی گه‌یاند، چوون باش ده‌یزانی قاسملوو بیر و باوه‌ڕه‌که‌ی له گه‌ڵ جه‌هل و خورافات و دیکتارویهتی خومه‌ینی هه‌ڵناکات. به‌و ههرهشهیش گه‌لی کورد حیزبی دێموکرات و رێبه‌ری شه‌هیدمان وازی له خه‌باتی ئاشتیخوازانه نه‌هێنا و سه‌ر له نۆی به‌شداری هه‌لبژاردنه‌کانی مه‌جلیسی نوینه‌ران کرد‌و له کوردستان هه‌موو به‌ربژێره‌کانی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی کورد بۆ مجلیس له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه ده‌نگی متمانه‌یان پێ درا. به‌ڵام حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی له جیاتی پیاده‌کردنی بنه‌ماکانی دێموکراسی له ئێران‌دا هه‌ر زوو بڕیاری شه‌ڕی دژی کورد و به‌تایبه‌تی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو دا. بۆیه حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو مه‌جبوور به شه‌ڕ له گه‌ڵ حکومه‌ت بوون، شه‌ڕێک که به سه‌ر میلله‌تی کوردسو حئیزبی دێموکرات دا سه‌پێندرا.
دوکتور قاسملوو پاش کۆنفڕانسی سێهه‌م و له کۆنگره‌ی سێهه‌م دا که وه‌ک سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌ڵبژێردرا، خه‌باتی دژ به رێژیمی پاشایه‌تی و دوای شۆرشی گه‌لانی ئێرانیش دژ به ده‌سه‌ڵاتی سهررۆی کۆماری ئیسلامی ئێران دریژه پێدا. شه‌هید دوکتور قاسملوو هاوکات له گه‌ڵ رێبه‌رایه‌تی کردنی جووڵانه‌وه‌یه‌کی چه‌کداری ، دیپلۆماتکارێکی به‌توانا و لێزان بوو. ئه‌و کاته‌ی که له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی چه‌کداری دا بوو، دیسانیش پێی وابوو ئاشتی و مافه‌ره‌واکانی خه‌ڵکی کوردستان له لووله‌ی تفه‌نگدا به‌دی نایه‌ت. بۆیه له یه‌کێک له ڤیدیۆکانی دا که بۆ پۆلیک له پیشمه‌رگه‌کان قسه ده‌کات ده‌لێت: “ئیمه باش ده‌زانین کۆماری ئیسلامی به هێرشه‌کانی ئێمه ناروخێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رئێشه بۆ درووست ده‌که‌ین تاکوو ده‌ڵێت چیتان ده‌وێت؟ ئه‌وکات ئێمه‌ش له سه‌ر مێزی وتووێژ باسی مافه زه‌وتکراوه‌کانی خۆمانیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین.” لیره‌دا جورێک له فه‌لسه‌فه‌ی دانووستاندن دێنێته نێو شێوازه‌کانی خه‌بات.
کاک دوکتور شورشگێڕێکی نهتهیی و عه‌داڵه‌تخوازێکی واقعی بوو. بۆیه له رێبه‌رایه‌تی حیزبێکی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک حیزبی دێموکراتی ده‌کرد. عه‌داله‌تخواز بوو بۆیه باسی سۆسیالیزمی دیمۆکراتیکی هینایه نیو پێره‌و و پرۆگرامی حیزبه‌که‌یه‌وه. ئه‌و کاته‌ی هه‌موو ئۆپۆزیسیونی کورد‌و ئێرانی هه‌ر جاره‌و به‌لایه‌کدا دهیانشکاندهوه: (یا به‌ره‌و ئیمپرالیزم یا به‌ره‌و سۆسیالیزم) به‌ڵام به بۆچوونی من تێکه‌ڵکردنی جیهانبینی و خوێندنه‌وه‌و فکری حیزبی دێموکرات و رێبه‌ره‌که‌ی له گه‌ڵ هه‌رکام له‌م دوو به‌ره‌یه هه‌ڵه‌یه. شه‌هید قاسملوو پێی وا بوو ئه‌و دونیایه‌ی سۆسیالیزم داوای ده‌کات (یوتوپایه)، یا وه‌ک ئه‌رستوو ده‌ڵێ: (مه‌دینه‌ی فازله)یه. کاک دوکتور پێی وا بوو ئاویته‌بوونی هه‌ر حیزبێک به ئایدۆلوژیهکهوه ئه‌و حیزبه له قالب ده‌داو تووشی جۆرێک له داخراوی فکریی ده‌کات. بۆیه خۆی له هه‌ر ئایدئۆلۆژییهک بۆ حیزبه‌که‌ی ده‌پاراست و سیاسه‌تی به پێی “ئه‌مری واقیع” ده‌کرد.
کاک دوکتور باوه‌ڕی به جودایی دین له ده‌وڵه‌ت هه‌بوو. بۆیه له حیزبه‌که‌شیدا هه‌م پێشمه‌رگه‌ی سوفی تێدابوو هه‌م خه‌ڵکی لاییه‌ک و باوه‌ڕمه‌ند به ئایین و ئاینزاکانی دیکه. هه‌مووشیانی له ژێر چه‌تری حیزبی دێموکراتی کوردستان دا پێکه‌وه کۆ کردبۆوه. له روانگه‌ی ئازدی تاکیشه‌وه(فردی) مرۆڤێکی لیبراڵ بوو، باوه‌ڕی بو ئازادی تاکه‌کان هه‌بوو، تا ئه‌و ئاسته‌ی سنووری ئازادیه‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر پیشل نه‌کرێ. بۆیه ده‌توانیین بڵێین له ژیانی تایبه‌تی خۆشی‌دا مرۆڤیکی فره‌ره‌هه‌ند بووه.
کاک دوکتور قاسملوو له بۆ ده‌سته‌به کردنی مافه‌کانی گه‌لی کورد، درگای هه‌موو ده‌وڵه‌تان،NGO، رێکخراوه نێو ده‌وڵه‌تییه‌کانی ده‌کوتا. یه‌کێک له‌و رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تیانه، ئه‌نترناسیوناڵ سۆسیالیست بوو. پێی وابوو ده‌بێ له رێگای ئه‌و هێزه دێموکرات و پێشکه‌وتنخوازانه‌ی که له نێو ئه‌م رێکخراوه‌دا فشار بخاته سه‌ر حکومه‌ته‌کانیان بۆ به ره‌سمی ناساندنی مافه ره‌واکانی میلله‌ته‌که‌ی و هاوکات فشار بخه‌نه سه‌ر حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی بۆ به‌ره‌سمی ناسینی مافی کورد.
یه‌کێکی تر له تایبه‌تمه‌ندییه به‌رچاوه‌کانی که‌سیی و حیزبیی کاک دوکتور”سه‌ربه‌خۆیی سیاسی”بوو. نمونه‌ی هه‌ره به‌ر چاو له‌م پێوه‌ندییه‌دا پێوندی حیزبی دێموکرات و کاک دوکتور له گه‌ل رێژیمی به‌عسی عێراق بوو. له سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری حیزبی دێموکراتی کوردستان له گه‌ل کۆماری ئیسلامی که هاوکات بوون له گه‌ڵ شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران. به‌ڵام حیزب و دوکتور قاسملوو سه‌ره‌رای ئه‌و په‌یوه‌ندییه هیچکات نه‌بوونه ئامرازێک بۆ رێژیمی عیراق که به نیسبه‌ت شه‌ڕ له گه‌ڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی دا له یه‌ک به‌ره دابوون (بوونی دوژمنی هاوبه‌ش).
له لایه‌کی تریشه‌وه شه‌هید دوکتور قاسملوو هیچکات باوه‌ڕی به دیکتاتوریه‌تی حیزبی نه‌بووه. بۆیه باشترین هه‌وڵه‌کانی بۆ درووست کردنی به‌ره‌یه‌ک له گه‌ڵ هێزه‌کانی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. که بۆ جاری یه‌که‌م توانی به‌ره‌یه‌ک ویران موجاهیدین خه‌لق و چه‌ند هێزیکی تر دژی
رژیمی ئیران درووست بکات، به‌ڵام مه‌خابن به‌رژه‌وندی ته‌سکی حیزبی و هێژموونیخوازیی لایه‌نێکی دیار و، جیاوازی له دید و بۆچوون بۆ خه‌باتی ئیستا و چۆنییه‌تی ئیداره‌کردنی داهاتووی ئێران وای کرد(به‌ره)له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شێته‌وه.
کۆماری تێرۆر و سێداره‌ی ئیسلامی ئێران وایزانی به تیروری کاک دوکتور قاسملوو یادو رێبازه‌که‌ی فه‌راموش له نێو ده‌چێ و فه‌رامۆش ده‌کرێن و خۆی و حیزبه‌که‌ی له یادی تێکۆشه‌رانی شۆرشگێڕ و قوتابیانی بیر‌و رێبازی ده‌چنه‌وه. به‌ڵام به خۆێندنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی حیزب و گه‌له‌که‌ی ده‌بێ باش بزانێت کوره‌ی خه‌بات دژی زوڵم و دیکتاتۆریه‌ت له هه‌ر کات به تینتره، قه‌لای جه‌هل و خورافه‌یان له هه‌موو کات زیاتر له‌رزۆکتره و هه‌ر دلۆپه خۆێنێکی کاک دوکتور ئێستا مه‌شخه‌ڵی رێگای تێکۆشانمانه.
له کۆتاییدا به بیر و باوه‌ڕێکی چه‌سپاو و به وه‌ره‌ی پوڵایین به شه‌هید کاک دوکتور قاسملوو ده‌ڵێین: کاک دوکتور گیان! تا به ده‌ستی پڕ له ئازادی له سه‌ر گۆڕی تۆی رێبه‌رمان و هه‌موو شه‌هیدان گوڵه شلێره نهڕوێنین، له خه‌بات و تێکۆشان ناوه‌ستین. بڕیاریش بێت له سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆت: بۆ شه‌هیده‌کانمان نه‌گرین و درێژه به رێگا‌و رێبازیان بده‌ین. هه‌ور وه‌ک خۆت فه‌رمووت: “باشترین پاداش بۆ شه‌هیدان درێژه‌پێدانی رێگایانه” و وه‌ک به‌ڕێز مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده ده‌فه‌رمووی: ” کاک دوکتور قاسملوو گیان تۆ له وێژدانمان دا زیندووی”.