عەبدوڵڵا ناسری، یەكێك لە سیما ناسراوەكانی ڕێفۆرمخوازانی ئێران و ئەندامی بنیادی باران دەڵێ دژبەرانی دەوڵەتی ڕووحانی لە ڕێگەی دام و دەزگا حیراسەتییەكانەوە دەستیان بە نزیكەی ٣ هەزار فیشی مووچەی كارمەندەكانی دەوڵەت ڕاگەیشتووە و تا هەڵبژاردنەكانی سەركۆماری لە ساڵی داهاتوودا، بەرەبەرە ئەم فیشانە بڵاو دەكەنەوە.
لەقاودرانی فیشەكانی مووچەی كۆمەڵێك لە بەڕێوەبەران لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا بۆتە ئاستەنگێكی گەورە لە بەردەم دەوڵەتی ڕووحانیدا تا جێگەیەك كە وەلانرانی بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ڕیفاهی كارگەرانی لێ كەوتەوە. بەم حاڵەش فشار خستنە سەر دەوڵەت لە پێوەندی لەگەڵ مووچەی بەڕێوەبەرەكانی دیكە هەروا بەردەوامە:، بۆ نموونە بڕی ئەم مووچەی كە سەرۆكی سندووقی گەشەی میللی وەری گرتووە، پێش ئەویش لەقاو درانی مووچەی كۆمەڵێك لە بەڕێوەبەرانی بیمەی ناوەندیی ئێران كە بوو بە هۆی دەست لە كار كێشانەوەی سەرۆكی ئەم ناوەندە.
عەبدوڵڵا ناسری پێی وایە شێوەی كاركردی دەوڵەت لە پێوەندی لەگەڵ لە قاودرانی فیشی مووچەی بەڕێوەبەران یەكجار لاواز بووە و بە شێوەیەكی زۆر ئاسایی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ ئەم مەسەلە كردووە، لە حاڵێكدا كە ئەم ڕووداوە وەك بۆمبێك بووە و جێگەی خۆی بوو كە دەوڵەت بەشێك لە كاربەدەستانی خۆی ڕاسپێرێ كە بە شێوەی تایبەتی بەم گرفتە ڕابگەن.