هەواڵدەریی ڕەسمیی دەوڵەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وتووێژێكدا لەگەڵ كاربەدەستانی ئابووری، سەنعەتی و پلاندانانی ئێران، نووسیویەتی: بارودۆخی سەنعەتی و ئابووری لە سەردەمی حەسەن ڕووحانیشدا هیچ باشتر لە جاران نەبووە بە جۆرێك كە بەشێكی زۆر لە یەكە بەرهەمهێنەكانی ئەم وڵاتە لەو دەوڵەتەشدا لە كار و چالاكی كردن وەستاون.
هەواڵدەریی ئیرنا لەم ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی بەشی سەرەكیی یەكە چالاكە ئابوورییەكانی ئێران بە زەرفییەتی سەدی ٥٠ یان كەمتر لەم ڕێژەیەش درێژەی بە چالاكیی خۆیان دەدەن.
فەرشاد موقیمی، جێگری پلاندانان و كاروباری ئابووریی پیشەسازییە بچووكەكان و شارۆچكە سەنعەتییەكانی ئێران، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە كە لە ئێستادا سەدی ٨٠ی یەكە بەرهەم هێنەرەكانی ئێران چالاكن و تەنیا سەدی ٢٠ی کارگەو کارخانەکان داخراون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناوبراو پێداگری كردووە كە تەنیا سەدی ٣٠ ی یەكە ئابوورییە چالاكەكانی ئێران بە زەرفییەتی زیاتر لە سەدی ٧٠ كار دەكەن، لە حاڵێكدا كە سەدی ٧٠ی یەكە چالاكە ئابوورییەكان بە زەرفییەتی كەمتر لەم لە نیوەی خۆیان درێژە بە كار و چالاكییەکانیان دەدەن.
موقیمی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پشتڕاستی كردەوە كە پتر لە سەدی ٦٠ی یەكە ئابوورییە داخراوەكانی ئێران پێش ساڵی ١٣٩٠ وەرشكست ببوون.
ئەو دەڵێ گەورەترین گرفتەكانی ئەم یەكە پیشەسازییانەی ئێران كەمیی بودجە، نەبوونی بازاڕ، كێشەی نێوان هاوبەشەكان، گرانبوونی ماددە سەرەتاییەكان و كەموكۆڕی دەزگاكانی كارخانە و یەكە بەرهەمهێنەرەكان بووە.