نوێترین بەرهەمی كەیهان كەلهوڕ، هونەرمەندی ناوبەدەرەوەی كورد لە لایەن بڵاو كەرەوەیەكی نێودەوڵەتی لە سەرتاسەری جیهاندا جگە لە نێوخۆی ئێران بڵاو كرایەوە. کەیهان كەلهور ڕایگەیاندووە كە بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی بەردەوامی كۆنسێرتەكانی، چی دیكە ئامادە نییە لە ئێران كۆنسێرت بەڕێوە ببا.
ناوی ئەم ئاڵبۆمە نوێیەی كەیهان كەلهوڕ “هاونیاز”ە و بلاوكەرەوەی نێودەوڵەتیی “هارمونیا موندی” ئەم بەرهەمە هونەرییەی بڵاو كردۆتەوە.
لەو بەرهەمە نوێیەی كەلهوڕدا، ژنە هونەرمەندێكی كوردیش وەك گۆرانیبێژی تەک بێژ هاوڕێیەتیی گرووپەكەی كردووە. ئەوە لە حاڵێك دایە كە ساڵانێكە كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم كارەی قەدەغە كردووەو نە مۆڵەتێ بڵاو كرانەوە بە ئاڵبۆمی هونەرمەندە ژنەكان دەدا و نە هیچ بەرهەمێكیش كە ژنێك تێیدا تەك خوێن بووبێ ئیزنی بڵاوبوونەوەی پێ دەدرێ.
كەیهان كەلهوڕ کە یەكێك لە هونەرمەندە لێهاتووەكانی مووسیقای كوردی لە ئێرانە، پاش ساڵانێكی زۆر ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ بەربەست و قەدەغە و قۆڕغ و دەمەقاڵە و شەڕ و هەڵڵا لەگەڵ بەرپرسانی مووسیقیی ئێران لە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، بەشێكی گرینگی لە چالاكییە هونەرییەكانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات گواستۆتەوە.
لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ دادستانی نەیشابوور ڕێگری لە بەڕێوەچوونی كۆنسێرتی كەیهان كەلهوڕ لەم شارە كرد.
لە مانگی جۆزەردانیش كاربەدەستانی هێزی ئینتزامی ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی كۆنسێرتی هاوبەشی كەیهان كەلهوڕ و “بروكلین رایدر” كرد. تا لە ئەنجامدا پاش هەڵوەشاندنەوەی ٢ كۆنسێرتی كەیهان كەلهوڕ دوا بەدوای یەك، ناوبراو ڕایگەیاند كە چی دیكە لە ئێران كۆنسێرت بەڕێوە نابا.
شایانی باسە کە سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد لە دەوڵەتی ڕووحانیدا تا ئێستا لە بابەت باشتر كردنی بارودۆخی بەڕێوەبردنی كۆنسێرتەكان و بڵاو كرانەوەی بەرهەمی هونەرمەندان و دەست ئاوەڵا كردنی ئەوان گەلێكی وادە و بەڵێنیی جۆراوجۆر پێ داون، بەڵام بە كردەوە هیچ كارێكیان بۆ نەكردوون.