عەلائەدین برووجێردی، سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەمنیەتی میللیو سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ئێران گوتی ئەگەر وڵاتانی ڕۆژاوایی بەڵێنییەكانی خۆیان جێبەجێ نەكەن، كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش پیتاندنی ئۆرانیۆم بە خەستایی زۆر دەست پێ دەكاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەنە نێوخۆییەكانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٨ ی پووشپەڕ برووجێردی باسی لە پەسەندکراوێک کردوە كە ئێستا لە مەجلیسی ئێراندا بەڕۆژ کراوەتەوە.
برووجێردی گوتی: پەسەندکراوێک لە دوو ساڵ لەوە پێش لە مەجلیسدا پەسند كراوە كە ئەگەر لایەنی ڕۆژاوایی نەیهەوێ پێبەند بە بەڵێنییەكانی خۆی بێ، مەجلیسی ئێران دەوڵەت ئەركدار دەكا بۆ پیتاندانی ئۆرانیۆم بە خەستاییی زر و بەبێ هیچ چەشنە بەربەستێك تێبکۆشێ.
كاربەدەستانی پلەبەرزی ئێران لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی خۆیان لە بابەت هەڵنەگیرانی بەربەستە ئابوورییەكانی ئەم وڵاتە سەرەڕای ڕێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و ١+٥، دەربڕیوە.
شایانی باسە برووجێردی هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەكرد كە شێوازی جێبەجێ كرانی ئەم گەڵاڵەیە چۆن دەبێو ئەم وڵاتە چۆن دەتوانێ بۆ جارێكی دیكە بەرگەی گەمارۆ ئابووریو ماڵییە نێودەوڵەتییەكان بگرێ.