وتەبێژی كۆشكی سپی دەڵێ ئەگەر ئێران دەیهەوێ دەستی بە بازاڕە جیهانییەكان ڕابگا، دەبێ دەست لە پشتیوانی كردنی تێرۆریسمو حیزبوڵڵا هەڵبگرێ.
“ئێریك شولتز”، وەبیری هێنایەوە كە مەبەست لە جێبەجێكرانی گەمارۆ قورسو جیددییەكان، ڕاگرتنی پشتیوانیی كۆماری ئیسلامی لە تێرۆریسم بوو.
ناوبراو پێداگری كردەوە كە، ئەگەر ئێران واز لە پشتیوانی كردنی تێرۆریسم نەهێنێو هەر وەك ڕابردوو سەرچاوەی ماڵیو نیزامی بخاتە بەر دەستی حیزبوڵڵاوە، كاریگەریی ئەم هەوڵانەی خۆی لە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەكاندا دەبینێتەوە.
وتەبێژی كۆشكی سپی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: بەردەوامیی كۆماری ئیسلامی لە پشتیوانی كردن لە حیزبوڵڵای لوبنان لە بەرژەوەندیی ئەو ریژیمەدا نییە.
“شولتز” هەروەها گوتی چالاكانی سیاسی دەڕواننە شێوەی هەڵسوكەوتی ئێران، ئێمە لەم دواییانەدا لە بابەت نیگەرانییەكانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە جیهانییەكان وتووێژمان كردووە، بەڵام ناوەندە ئابوورییەكان بە هیچ شێوەیەك نایانهەوێ لەگەڵ وڵاتێك سات و سەودا بكەن كە پشتیوانی لە تێرۆریسم دەكا.
وتەبێژی كۆشكی سپی هەروەها گوتی دەوڵەتی ئامریكا باش دەزانێ بوودجەی حیزبوڵڵا، خەرج و تێچووەكەی، هەموو ئەم شتەی كە دەیخوا و دەیخواتەوە، چەك و چۆڵ و مووشەكەكانی، سەرجەمیان لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دابین دەكرێن، بەڵام ئەوەش زۆر گرینگە كە ئێران لە پێوەندیی نێوان پشتگیری كردنی تێرۆریسم و گەمارۆكان تێ بگا.
حیزبوڵڵا بە هاوپەیمانی ستراتژیكی ئێران لە هاوكێشە ناوچەییەكاندا دادەنرێ و هێزە چەکدارەکانی ئەم گرووپە لە پەنا هێزەكانی سپای قودس لە سووریە بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، شەڕی نیوخۆیی ئەو وڵاتە دەكەن و لە شەڕی یەمەنیشدا حیزبوڵڵا شان بە شانی ئێران و حووسییەكان لە بەرەی شەڕ دایە.