حەسەن ڕووحانی، سەركۆماری ئێران دەڵێ ئابووریی ئەم وڵاتە پێویستی بە سەرمایەدانانی نێوخۆییو بیانی هەیە. ڕووحانی وەرگرتنی متمانەی سەرمایەدانەرەكانی بۆ دابینكردنی ئەمنیەتی باڵوێزخانەكانیان گەڕاندەوە و داوای پشتیوانیكردنی دەزگای قەزایی لە جووڵە ئابوورییەكانو ڕەخساندنی هەلی كار بۆ لاوانی كرد.
سەركۆماری ئێران لە كۆبوونەوەیەکی دەزگای قەزاییدا، بۆ جارێكی دیكە پێداگری لە سەر پێویستییە ئابوورییەكانو بۆشایی سەرمایەدانان لە ئێراندا كردەوە. ئەو گوتی بۆ جووڵەی جیددی لە بەشی ئابووریدا، دەبی دەزگای قەزایی بە تەواوی تواناوە پشتیوانی لە دەوڵەت بكا، ئەگینا دەوڵەت بە ئامانجەكانی خۆی بۆ ڕاكێشانی سەرمایەی نێوخۆییو بیانی، گەشەی ئابووریو خوڵقاندنی چەندین میلیۆن دەرفەتی شوغڵی ناگا.
سەركۆماری ئێران، مەسەلەی ڕاكێشانی سەرمایەدانەری بە دابینكردنی ئەمنیەتی باڵوێزخانەكانی وڵاتانی دەرەوە بەستەوەو گوتی: ئاشكرایە بڕیاردەرانو پەلاماردەرانی باڵوێزخانەی عەڕەبستان چ كەسانێكن. خەڵك چاوەڕوانی ئەوەن ببینن بە چ شێوەیەك جێبەجیكردنی حوكمی ئەم گۆپاڵ بەدەستە سەرەڕۆیانەیان پی ڕادەگەیەندرێ.
ڕووحانی پێداگری كردەوە كە هیچ كەسێك سەرمایەی خۆی دانانێو پیشەسازی بۆ ئەم وڵاتە دابین ناكا، مەگەر ئەوەی كە لە ئەمنیەتی خۆی لە نێو ئەم وڵاتەدا بە تەواوی دڵنیا بێ.