Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۱۹ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 09/08/2020 | کاتژمێر:
ئەدەب

ئەی نیشتمان

23/06/2016 | 16:08:02
+A
-A
عەزیز شێخانی

ئەی نیشتمان، وڵاتی دایک
مەڵبەندی خەونەکان
دوڵ و خڕی نێوان چیا سەرکەشەکانت
پڕ بە قوڕگی کراوە و ژێ نەپساوەکانیان
مۆسیقا و ئاوازی زێڕینت بۆ دەچڕن
بە دەنگی ئاوی پاراو و گڤەی بایسیحراوی
ئەستێرەی تەمەنی کۆرپەلەی ئازادیت دەخەوێنن
بە پەنجەی تەڕی باران و لایەلایەی پڕووشەی پەری ئاسای بەفر
لانکەی گۆڕانی هەرمانت رادەژێنن
ئاخر لە کێو، لوتکە، ، بنار، لێڕەوار، تەپۆڵکە و دەشتەکان
لە کوێستان، گەرمێن و ئاوی کانیاوەکانت خۆشەویستر هەیە؟

ئەی نیشتمان، خاکی سوور رامان
تۆ خاکی بە نرخ و مەڵبەندی قوربانی و ژینگەی ئازاکانی
دارستان و مەزراکانت
رووبارە ئۆقرە نەگرتوەکانت
روخساری بەرز و بەردەڵانی بەرزاییە سەرکەشەکانت
لە گەڵ ورەی بەرز و نەشکاوی پارێزەرانت
لە جەرگەی سەرما و گەرما
لە وەرزی شەماڵ و زریان
لە لوتکەی سەرکەوتن و داوێنی شکانەکاندا
بە تێکڕا زیکری وەفاداریت دەکەن و
پڕ بە بۆشاییەکانی ئاسمان هاواری مانەوە و ئازادیت سەر هەڵدەدەن
پێشمەرگە و پارێزەرەکان
شەهید و کەم ئەندامەکان
هەڵگرانی خەمی چارەنووس و
دژبەرانی داگیرکەران
لە وەرزی ئارەقە و خوێندا
بۆن بە خاکتەوە دەکەن و لە دواماڵئاواییدا
بە سەخاوەتەوە لە سەر سینگی بریندارت
زار بۆ کانیاوە تەقیوەکانی خۆشەویستی بنارت دەکەنەوە
ئەوان لە پێناوی تۆ و بۆنی خاکی پاش باران
چاوەکانیان لە گۆڕەپانی قوربانیدان دەبەخشن و
بە چاوی دڵ لە ئەستێرەی بەخت و رزگاری تۆ و کوردان دەڕوانن

ئەی نیشتمانی شێعر و راستی
خاکی خۆر و با
ئێمەی ئۆگرانی کەعبەی ئارەزووت
لە بەردەڵانی ژیان و رۆژگاردا
لە خاکەلێوەی سێدارە و
پووشپەڕی غدر و خیانەتدا
چاو دەبڕینە گەلاوێژی هەستانەوە و
لە گەڵ سەرماوەزی چەک لە شان
هەتا رێبەندانی مێژوو هەنگاو شل ناکەین
لە شەقامی شاری راسان و گوندی باوەڕ
دستەملانی گەردەلوولی رەشەباکانت دەبین و
هەتا ناخی ئازادبوون و بازنەی تریفەی مانگ
سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی و ئەی رەقیبت دەیکەینە
بانگی تۆڵە و بەگژداچنەوە

ئەی نیشتمان، وڵاتی هەزار دوڵ و چیا
زێد و خاکی سەنگەر
خۆشەویستی ئێمە و تۆ باڵای ناسنامە و
قەڵافەتی ئازایەتی و بڕبڕەی سەرکەوتنمانە
روخساری خۆڕاگری رۆڵەکانت
ئاوێنەی تاشەبەرد و تاوێرەبەردەکانی ئامێزی
چیا سەخت و چاونەترسەکانتە
کە بۆ پێشمەرگەکانی سەنگەر و پارێزوانانی راستەقینە
سەرتاپا دەبنە دورگە هێمنایەتی و
قەڵغانی لە شکان نەهاتوو
رووباری فرمێسکی خەم و ژانی تازیەداران
تۆزی سەر روخساری ماندووی
شان و پیلی خۆراگریت دەشۆنەوە و
دەبنە رەشەبای قین و راسان و
بەرەوە بیابانی دیکتاتۆرییەت و جەهەننەمی سەرکوتکەران
ریگە دەگرن

ئەی نیشتمان، ئاخی کانی و کانگا شاراوە زێڕینەکان
ئاودێرە ئاشقەکان
ئۆگرانی زایەڵەی دەنگی بەیانی
بە بەخشینی جەستە و گیان
داری ئازادیی و مەزرای سەربەستیت ئاو دەدەن
بە قرمژنی چەکی دەست و وشە
چیرۆکی زامی قوڵی نەتەوەکەت
بە بارەگای ویژدان و گوێی کپی داگیرکەر دەگەیەنن
ئەوان بە پەنجەی سەر پەلاپیتکەی چەک و پێنووسەکانیان
گۆرانی بە بەژن و باڵای سەنگەر و
حەیران بۆ ئەوینی
شەهیدانی خاک و ئازادی دەڵێنەوە
لە ژماره‌ ٦٨٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌