Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۱ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 23/09/2017 |کاتژمێر:
جۆراوجۆر

دەرفەت و مەترسی‌یەکان بۆ ئابووریی ئێران دوای لاچوونی گەمارۆکان

23/06/2016 | 15:33:30
qalam
رۆبێرت هۆرماتس

وەرگێران : رێبوار مەعرووف زادە

لە ١٦ی بەفرانباری ئەمساڵ، ئاژانسی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند کە ئێران ئەو مەرجانەی بەرێوە بردوە کە لە رێکەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە بەرجام باس کرابوو و بەم هۆیەوە گەمارۆی پێوەندیدار بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کە لە لایەن ئەمریکا، یەکیەتیی ئوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دانرابوو، لابردرا. لابردنی ئەو گەمارۆیانە کۆمەلێک دەرفەتی بۆ سەرمایەگوزاری لە ئێران و بازرگانی لەگەڵ ئێران دروست کردووە.
گەشبینی‌یەکی زۆر لە ناو خەڵکی ئێران و بازرگانانی دەرەکی هەیە کە لاچوونی گەمارۆکان کێشە ئابوورییەکانی ئێران چارەسەر دەکا و کۆمەڵێک دەرفەتی سەرمایوگوزاری لە ئێران دەرەخسێنێ، بەڵام ئەو گەشبینی‌یە پێویستە واقعبینتر بکرێ بەوەی کە کۆمەڵێک گرفتی دارایی و ئابووریی ئێران به‌ شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی چاره‌سه‌ر بکرێن تا گەشەی ئابووریی ئێران گارانتی بکرێ. جێبەجێکردنی بەرجام بێگومان کۆمەلێک دەرفەت بەڕووی ئابووریی ئێران‌دا دەکاتەوە کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بە ئازاد‌‌کردن و دەست‌ڕاگەیشتنی ئێران بکرێ بەو سەرمایانە کە له‌ بانکەکانی دەرەوە بلۆک کرابوون و هەروەها ئێران دەتوانێ هەناردەی نەوتی زیاد بکا و رێژەی بازرگانی و سەرمایەگوزاری زیاد بکا. بەڵام بەردەوامی و بەرفراوانکردنی گەشەی ئابووریی ئێران تارادەیەکی زۆر پێوەندی بە بڕیار و ریسکی رێبەرانی کۆماری ئیسلامی‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ کە هەنگاوی جیددی هەڵبگرن بۆ کۆمەلێک چاکسازی لە ئابووریی ئێران‌دا، لەوانە زیاترکردنی شەفافیەت، بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دارایی، بەستێن رەخساندن بۆ گەشەی کەرتی تایبەت و رێگەدان بە بەشداری هەموو خەڵکی ئێران لە دەرفەتەکانی ئابووری‌دا. رێبەرانی ئێران دەبێ بریار بدەن کە دەتوانن یا دەیانهەوێ تا چ ڕادەیەک لەدەستێوەردان و نفووزی ئاخوندەکان و نیزامییەکان لە ئابووریی ئێران‌دا کەم بکەنەوە. ڕێبەرانی ئێران هەروەها دەبێ بریار بدەن کە تا چ ڕادەیەک دەرگا بۆ سەرمایەگوزاری دەرەکی دەکەنەوە بەتایبەت ئەگەر ئەو سەرمایەگوزاریانەی خەسار بە بەرژەوەندی ئابووریی ئەوان بگەیەنێ و مۆنۆپۆلی سه‌رمایه‌گوزاری له‌ ده‌ست وان بێنێته‌ده‌ر.
شێوازی چاکسازیی ئابووری و زیاتربوونی سەرمایەگوزاریی ولاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا لە ئێران، کۆمەلێک مشتومڕی لە نێو رێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا دروست کردووە. عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، لە یەکێک لە خوتبەکانی رۆژی جومعە دژایەتی سەرمایەگوزاریی ئەمریکای لە ئێران کرد و وتی کە سەرمایەگوزاریی ئەمریکا، لەسەر سیستمی ئیسلامی ئێران هەرەشە دروست دەکا. ئەوە لە حالێک‌دایە کە حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کاتی سەردان بۆ نیۆیۆرک و قسەکردن لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ کۆمەلێک بازرگانی ئەمریکایی دانیشتووە و دڵنیای کردوونه‌وە کە دەرگای سەرمایەگوزاری لە ئێران بەڕوویان‌دا دەکرێتەوە. بازرگانانی دەرەکی بەدەر لە ناڕوونی سیاسەتی ئێران لەهەمبەر سەرمایەگوزاریی دەرەکی دەبێ بریار بدەن لە چ بوارێک‌دا و لەگەڵ چ کەسانێک‌دا کار بکەن و چ ریسکگەلێک بکەن. ئێران کۆمەلێک دەرفەتی گەورە به‌ڕووی بازرگانانی دەرەکی دەکاتەوە بەهۆی ئەوەی هێزی مرۆیی خوێندەواری هەیە، ئابوورییەکی گەورە و سەرچاوەی وزەی زۆری هەیە. هەروەها بازرگانانی دەرەکی پێویستە لە باری کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی لە ئێران تێبگەن بۆ ئەوەی کارکردنیان لە ئێران تووشی گرفت نەبێ و بە وردی ئاگاداری ئەو گەمارۆیانەی ئەمریکا بن کە لە دوای لاچوونی گەمارۆکانی پێوندیدار بە پرۆگرامی ئەتۆمی هەر بەردەوام دەبێ.
رێنماییەکانی خەزانەداریی ئەمریکا لەمه‌ڕ بازرگانی لەگەڵ ئێران
لە دوای جێبەجێکردنی رێکەوتنی ئەتۆمی، ئیدارەی خەزانەداریی ئەمریکا کۆمەڵێک رێنمایی بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران بڵاو کردەوە. بە پێی ئەو رێنماییانە ئیدارەی خەزانەداریی ئەمریکا زۆربەی گەمارۆکانی لابرد کە رێگەی بە بازرگانەکان و کۆمپانیاکان نەدەدا کە لە ئێران دا سەرمایەگوزاری بکەن و لەگەڵ ئێران بازرگانی بکەن. لەمەوبەدوا ئیدارەی خەزانەداریی ئەمریکا رێگە بە کۆمپانیاکان دەدا کە لەگەڵ بەشی دارایی، بانکی، وزە، پێترۆکیمیکال، کەشتیڕانی و پیشەسازیی ماشێن کار بکەن. ئەمریکا ئەو گەمارۆیانەشی لابرد کە ریگای بە فرۆشتنی فرۆکەی گەشت و گوزار و پارچەکانی فرۆکەی گەشتوگوزار بۆ ئێران نەدەدا. ئەمریکا قەت گەمارۆی نەخستە سەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری خۆراک، دەرمان، کەلوپەلی مرۆڤدوستانە و هێندێک ئامرازی پێوەندیگرتن، بەڵام ئەو کۆمپانیانە بەهۆی گەمارۆ لەسەر سیستمی بانکی و ئالۆگۆڕی دۆلار، نه‌یاندەتوانی پووڵی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بە ئاسانی وەدەست بێنن. رێنمایی ئیدارەی خەزانەداری ئەمریکا رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنیفەرش، خاویار و پستەی ئێران بۆ ئەمریکا دەدات. ئیدارەی خەزانەداریی ئەمریکا مۆڵەتی کارکردن بۆ ئەو کۆمپانیانە دەردەکا کە لە لایەن کۆمپانیا یا هاووڵاتیەکی ئەمریکی کۆنترۆل یا خاوەندارێتی دەکرێ بۆ ئەوەی کاری بازرگانی لە ئێران بکا به‌ مه‌رجێک لە چوارچێوەی ماددەکانی رێکەوتنی ئەتۆمی و یاساکانی ئەمریکا‌دا بێ. ئیدارەی خەزانەداری ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی رێگای بە کۆمپانیا و بازرگانانی ئەمریکی داوە کە لقی کۆمپانیا بۆ بازرگانی لە ئێران بکەنەوە بەڵام ڕوون نیە کە بە کردەوە ئەو موڵەتی کارکردنانە چۆن دەبێ و لقی ئەو کۆمپانیانە چەندە دەتوانن لە کۆمپانیای سەرەکی-ئەمریکی جیا و جیاواز بن. کۆمەلێک گەمارۆی ئابووریی ئەمریکا کە پێوەندیدارە بە بابەتی مافی مرۆڤ، تیرۆریزم و تاقیکردنەوەی مووشەکی باڵستیک هەروا بەردەوام دەبن و هیچ هاووڵاتی یا کۆمپانیایەکی ئەمریکی ناتوانێ لەگەڵ وڵات و حکوومەتی ئێران لەو بوارانەدا بازرگانی بکات. کۆمپانیا و هاووڵاتیانی ئەمریکا ناتوانن لەگەڵ ئەو کەسانە کاری بازرگانی بکەن کە له‌ لیستی رەشی ئەمریکا دان. کۆمەلێک لە هاووڵاتیانی ئێران بە هۆی پشێلکردنی مافی مرۆڤ، پشتیوانی لە گرووپگەلی تیرۆریستی و چالاکی سەربازیی لە دەرەوەی ئێران لە لیستی رەشی حکوومەتی ئەمریکا دان و هەرچەشنە بازرگانی‌یەک لەگەڵ ئەو کەسانە قەدەغەیە. لە دوای جێبەجێکردنی رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران، ئیدارەی خەزانەداری ئەمریکا ناوی زیاتر لە چوارسەد هاووڵاتی ئێرانی لە لیستی رەش دەرهێنا، بەڵام هەروا نزیک ٢٠٠ سەد ئێرانی لە لیستی رەشی حکومەتی ئەمریکادا ماون. بە پێی ڕینمایی خەزانەداری ئەمریکا، بانکەکانی ئەمریکا دەتوانن پووڵ لە ئێران وەربگرن یا بۆ ئێرانی بەرێ بکەن، بەڵام ئەو ئالۆگۆڕی دراوە ئەو کۆمپانیانە ناگرێتەوە کە لقی کۆمپانیایەکی ئەمریکین لە ئێران. بە واتایەکی دیکە کۆمپانیاکانی ئەمریکا کە بنکەیان لە ئەمریکا هەیە دەتوانن لە سیستمی بانکی ئەمریکا کەڵک وەربگرن بۆ بازرگانی و سەرمایەگوزاری لە ئێران بەڵام لقەکانی ئەو کۆمپانیانە لە ئێران و دەرەوەی ئەمریکا بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران ناتوانن لە سیستمی بانکی ئەمریکا کەڵک وەربگرن.
بارودۆخی ئێران بۆ سەرمایەگوزاری
لە لێکدانەوەی ئەگەری هاتنی سەرمایەی دەرەکی بۆ ئێران پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئێران حەشیمەتێکی گەنج و خوێندەواری هەیە. نزیکەی ٦٦ لەسەدی حەشیمەتی ئێران تەمەنیان لە خوار ٣٥ ساڵ دایە. رێژەی خوێندەواری لە ئاستی ئێراندا زیاتر لە ٨٧ لەسەدە و بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارانی ئێران لە بەشەکانی بیرکاری، تەکنۆلۆژی زانیاری، ئەندازیاری و پزیشکی زانکۆیان تەواو کردوە کە ئەو بابەتە کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی دەرەکی دەکا کە هێزی کاری باش و هەرزان دەستەبەر بکەن. ژنانی ئێران نزیکەی ٧٠ لەسەدی قۆتابیانی بەشەکانی زانست و ئەندازیاریی ئێران پێکدێنن. زیاتر لە ٤٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران ئینتێرنێت بەکاردێنن و ئەوە رێژەیەکی زۆرە لەناو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ نموونە تەنیا ١٠ لەسەدی حەشیمەتی عێراق بەکارهێنەری ئینتێرنێتن.
ئێران ئابوورییەکی فرەچەشن و گەورەی هەیە و بەم هۆیەوە سەرمایەگوزارانی دەرەکی مەجالی زۆریان هەیە بۆ سەرمایەگوزاری. سەرمایەگوزارانی دەرەکی دەتوانن لە بەشەکانی نەوت و گاز، پێشەسازیی پێترۆشیمی، پیشەسازیی بەرهەمهێنانی ماشێن و تەکنۆلۆژیی زانیاری چالاک بن.
لاوازییەکانی ئابووریی ئێران بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی
ئابووریی ئێران خاوەنی کۆمەڵێک یاسا و رێسای ئالۆزە و به‌م هۆیه‌ کارکردن بۆ سەرمایەگۆزاره‌ ده‌ره‌کی‌یه‌کان دژواره‌. هەروەها نزیک ٢٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران کە دەتوانێ کار بکا، بێکارە و ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری زۆرە. ئابووریی ئێران بۆ هەبوونی گەشەیەکی بەردەوام پێویستی بە کۆمەڵێک چاکسازیی بنەڕەتی هەیە. بانکی جیهانی لە هەڵسەنگاندنی ١٨٩ وڵاتی جیهان بۆ ئاسانبوونی کاروباری بازرگانی، ئێرانی لە پلەی ١٣٠ داناوە. لە ئێران‌دا بازرگانان بۆ بەدەستهێنانی کارکردن لە پرۆژەکانی بنیاتسازی، مافی وەک یەک و دەفەتی وەک یەکیان نیە و ململانێ‌یەکی یەکسان لە ئابووریی ئێران‌دا بوونی نییە. سوپای پاسداران و بونیادەکانی وەک بونیادی شەهید و بونیادی موستەزعەفین خاوەنی سەرمایە، چەندین کارخانە و کۆمپانیا و دەرفەتی سەرمایەگوزاریی بەرفراوان لە ئابووریی ئێران دان. بەروارد دەکرێ کە سۆپای پاسداران نزیک ١٢٥ هەزار کەسی لە هێزەکانی وشکایی، ئاسمانی و دەریایی ئێراندا هەبێ. گەمارۆکانی سەر ئێران مەیدانی بۆ بەرفراوانبوونی رۆلی سوپای پاسداران لە ئابووریی ئێران‌دا رەخساند و بەرتەسکردنەوەی رۆلی سۆپا لە ئابووری‌دا دژوارە. هەروەها یاساکانی ئێران بۆ کاروباری دارایی پێویستیان بە چاکسازی هەیە و بۆ گەشەی کەرتی تایبەت، پێویستە رۆلی دەوڵەت لە بەکارههێنانی بودجە و سەرچاوەکانی وزە کەم بکرێتەوە.
بەگشتی رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران کۆمەڵێک دەرفەت و مەترسی ڕووبەرووی ئابووریی ئێران کردۆتەوە و دەوڵەت دەتوانێ لە ئاراستە بەخشین بەو دەرفەت و مەترسیانەدا رۆلی گرینگ بگیرێت. تێبینی:

ئەو وەرگێرانە بەشێکە لە لێکۆنەوەی رۆبێرت هورماتس کە لە سایتی شووڕای ئاتلانتیک
(Atlantic Council) بڵاو کراوەتەوە. لینکی بابەتەکە:
http://www.atlanticcouncil.org/publications/issue-briefs/post-sanctions-economic-opportunities-and-risks-in-iran
لە ژماره‌ ٦٨٢ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌